Ömer Yasin Ergin
17 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2022
دیاربەکر- AA
دایکانی دیاربەکر کە منداڵەکانیان لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەوە رفێندراوە بۆ چیا و هەدەپە بە بەرپرسیار دەزانن، بەردەوامن لە ئێشکگری لە بەردەم بارەگای هەدەپە.
ئێشکگریی دایکانی دیاربەکر کە لە سێی ئەیلوولی ٢٠١٩ دەستیپێکرد، لە هەزار و ٤٨ەمین رۆژدا بەردەوام بوو.
یەکێک لەو دایکانە بە ناوی ساریە تۆکای کە بەردەوامە لە چاوەڕوانی و وێنەی کوڕەکەی بە دەستەوەیە، باسی لەوە کرد کە تا ئێستا هیچ هەواڵێكی لە كوڕەكەیەوە کە بەر لە ١١ ساڵ رفێندراوە بۆ چیا، پێ نەگەیشتووە.
تۆکای ئاماژەی بەوە دا کە بە ئیرادەوە بەردەوامە لە چاوەڕوانیکردنی کوڕەکەی، گوتی: "من منداڵەکەمم لە هەدەپە دەوێت، منداڵەکەمیان فریوو دا و لێیان سەندم. ئیتر بەسە، با چیدی هەدەپە ئەم ستەمکارییەمان بەرامبەر نەکات. با منداڵەکانمان بۆ بگەڕێنێتەوە. ئێمە نەفرەت لە هەدەپە و پەکەکە دەکەین".
تۆکای لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "پشتیوان بە خودا سەردەکەوین و رۆڵەکانمان لە چنگی هەدەپە دەردەهێنین. ئێمە سوورین لەسەر بەردەوامیدان بەو چالاکییەی دەستمان پێکردووە. تا ئەوکاتەی منداڵەکانمان وەرنەگرینەوە ناچین بۆ هیچ شوێنێک. کوڕەکەم، سەیرکە، زۆرێک لە هاوڕێکانت هەڵاتوون و خۆیان رادەست کردووە، تۆش خۆت دەربازکە و بگەڕێوە لامان".
- "کوڕەکەم رابکە و خۆت رادەست بکەوە"
عەبدوڵڵا دەمیر کە لەپێناو کوڕەکەی بەشداریی لە گردبوونەوەکی بەردەم بارەگای هەدەپەدا کردووە، ئاماژەی بەوە دا کە ماوەی حەوت ساڵە هیچ هەواڵێکی لەبارەی کوڕەکەیەوە نەبیستووە، گوتی: "ئێمە لێرە نین بۆ بانگەشەی سیاسی، ئەوە ئازاری دووری رۆڵەکانمانە کە ئێمەی لێرەدا کۆکردووەتەوە. تاوەکو منداڵەکانمان بۆ نەگەڕێننەوە بۆ هیچ شوێنێک ناڕۆین. کوڕەکەم رابکە و خۆت رادەست بکەوە".