ئەنقەرە
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولوود چاوشئۆغڵو لە دوای کۆبوونەوەی گرووپی رێفۆرم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
چاوشئۆغڵو گوتی: "دوێنێ لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا رێککەوتنێک لەبارەی راھێنانی ئوپۆزسیۆنی سووریاوە ئیمزا کراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی ئاداردا دەست بە جێبەجێکردنی بەرنامەی پەروەردە کردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بکرێت".
چاوشئۆغوڵو گوتی: "مەبەست لە بەرنامەی راھێنان و پڕچەک کردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا تەنیا پەروەردەکردن و پڕچەک کردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە چونکە پەروەردەکردنی ئەندامانی ھاوپەیمانی نیشتمانی سووریا کە لەلایەن ١١٤ وڵاتی جیھانەوە دانی پێدا نراوە و ھەروەھا پەروەردەکردنی ھێزەکانی سەر بە ھاوپەیمانی نیشتمانی کە لە مەیدانن ئەرکێکی کۆمەڵگەی جیھانییە، ئێمە وەکو تورکیا پێشتریش ئەمەمان دەگوت و دووبارەمان دەکردەوە بۆیە جێبەجێکردنی ئەم ھەنگاوە لەم چوارچێوەیەدا زۆر گرنگە".
چاوشئۆغڵو لە درێژەدا گوتی: "نێوەڕۆکی ئەم رێککەوتنە بە ھاوبەشی لەلایەن تورکیا و ئەمریکاوە جێبەجێ دەکرێت و لە خاڵەکانی سەرەکیدا پێکەوە بڕیار دەدەن و تورکیا ھیچ ھەنگاوێک نانێت یان ھیچ کارێک جێبەجێ ناکات کە لە دەرەوەی ئیرادەیدا بێت".
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا ساڵانە ھەزار و ٥٠٠ تا دوو ھەزار چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە تورکیا راھێنانیان بۆ دەکرێت، بەریتانیایش پڕۆژەیەکی لەو چەشنەی لە لوبنان ھەیە و ھاوکات لە سعوودیە و قەتەریش بەرنامەی پڕچەک کردن و پەروەرەدە کردنی ئوپۆزسیۆنی سووریا جێبەجێ دەکرێت و لەو چوارچێوەیەدا ئەگەر لە تورکیا ساڵانە ھەزار و ٥٠٠ تا دوو ھەزار چەکداری ئۆپۆزسیۆن پەروەردە بکرێن ئەوە لەو وڵاتانەیشدا ژمارەیەکی بەرچاو لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن راھێنانیان بۆ دەکرێت و ئامانجمان ئەوەیە کە لە چوارچێوەی کۆبوونەوە و رێککەوتنی ژنێڤدا دەرفەت بۆ پرۆسەی چارەسەریی سیاسی و گواستنەوەی دەسەڵات لە سووریا دروست بکەین و رێگریی لە پەرەسەندنی تیرۆر و توندڕەوی بکرێت".