سلێمانی
رۆژی یه‌كشه‌ممه 15ی شوبات شاندی هه‌رێمی كوردستان، به سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم چوونه به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دیداریان ئه‌نجام دا به‌ڵام هه‌ردوولا نه‌گه‌یشتنه ئه‌نجام.
سه‌رۆكوەزیرانی هه‌رێم دوای رۆژێك له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا و له شاری هه‌ولێره‌وه رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر به‌غدا پابه‌ندی رێكکه‌وتنه‌كه نه‌بێت و به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێم وه‌ك خۆی ره‌وانه نه‌كات ئه‌وانیش ناتوانن پابه‌ندی رێكکه‌وتنه‌كه بن به هه‌نارده‌كردنی بڕی نه‌وتی داوا كرا‌و.
به‌پێی رێكکه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌ردولا كه له پرۆژه یاسای بوودجه‌ی 2015ی عێراق جێگیر كراوه، پێویسته رۆژانه 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركووك و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێم له رێگه‌ی بۆرییه‌کانی نه‌وتیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكرێت.
به‌ڵام حكومه‌تی عێراق هه‌رێمی كوردستان تۆمه‌تبار ده‌كات به پابه‌ند نه‌بوون به رێكه‌وتنه‌كه و ده‌ڵێت له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه هه‌رێم كه‌متر له‌و بڕه نه‌وته‌ی هه‌نارده كردووه به‌و هۆیه‌وه به‌شه بوودجه‌ی كوردستانی راگرتووه، به‌رپرسانی هه‌رێمیش هۆكاره‌كه‌ی بۆ كێشه‌ی ته‌كنیكی ده‌گێڕنه‌وه و داوا ده‌كه‌ن تێكڕای ئاستی هه‌نارده‌كرنی ئه‌و بڕه نه‌وته له‌ماوه‌ی ساڵه‌كه‌دا هه‌ژمار بكرێت نه‌وه‌ك رۆژانه.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌په‌رله‌مانی عێراق موسه‌ننا ئه‌مین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئه‌و په‌یمانه سیاسییه‌ی حكوومه‌تی نوێی عێراقی له‌سه‌ر پێكهات چاودێرییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بوو له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مریكا و وڵاتانی دراوسێ، پێویسته ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ئێستاش له‌سه‌ر هێڵ بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه و ناكۆكییه‌كان".
ئه‌و گوتی: "ده‌نگۆی بوونی فشارێكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، چونكه به مانه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه وه‌ك خۆی كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی ده‌بێت له‌سه‌ر پێكه‌وه كاركردنیان له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و رزگاركردنه‌وه‌ی ناوچه‌كاندا".
په‌رله‌مانتاره كورده‌كه‌ی عێراق گوتی:" به‌غدا پێویستی به هه‌رێم هه‌یه بۆ ناردنی نه‌وتی خۆی، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌رێمیش پێویستی به به‌غدایه بۆ باری دارایی و ئاسایش و سه‌قامگیریی سیاسی و دڵنیاكردنه‌وه‌ی هاووڵاتییان، هه‌ردوولاش پێویستیان به كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان".
موسه‌نا ئه‌مین ئه‌وه ره‌ت ده‌كاته‌وه حكوومه‌تی عێراق پارەی نەبێت، وه‌ك پێشتر و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكوەزیرانی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی له به‌غدا ئاماژه‌ی كرد به‌وه‌ی ئه‌وان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تێكی موفلیس له به‌غدا رێكکه‌وتنیان كردووه. ئه‌و له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "حكوومه‌تی عێراق له قه‌یرانێكی دارایی قووڵ دایه و موفلیس نییه، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به شه‌ڕی داعش و داشكانی نه‌وت و كه‌می سه‌رچاوه‌ی داهات و بوونی گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر له كابینه‌كانی پێشووی حكوومه‌ت و به تاڵانبردنی سندووقی گه‌شه‌پێدانی عێراقه‌وه هه‌یه له ئه‌مریكا".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو نیگه‌رانه له مامه‌ڵه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا: "به‌داخه‌وه حكوومه‌تی هه‌رێم به ستراتیژێكی روون مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غدا ناكات. له دوایین كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوەزیرانی هه‌رێم و وه‌زیره‌كان تكای ئه‌وه‌مان كرد كێشه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ند دروست نه‌كه‌ن و بیانوو نه‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه".
موسەننا زیاتر له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "له به‌غدا ده‌نگی ناشاز هه‌یه و دژی رێكکه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌ردولان. پاساوەکانی حكوومه‌تی هه‌رێم بیانووی بۆ نه‌یارانی رێكکه‌وتنه‌كه به‌تایبه‌ت په‌رله‌مانتارانی ده‌وڵه‌تی یاسا دروست كرد و ئه‌وان نایانه‌وێت به‌غدا له‌و رووه‌وه سازش بۆ هه‌رێم بكات".
له‌لای خۆیه‌وه سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی عێراق هۆشیار عه‌بدوڵا بۆ ئانادۆڵو گوتی: "هەتا ئێستا متمانه‌ی هاوبه‌ش له رێكکه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ردولا دروست نه‌بووه، هۆكاریش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه له كابینه‌كانی پێشووی مالیكی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا گه‌یشتبووه ئاستی دابڕان".
هۆشیار عه‌بدوڵا به‌رپرسیارێتی دۆخه‌كه‌ی خسته سه‌رشانی هه‌ردوولا و گوتی: "به‌شی گه‌وره‌ی به‌رپرسیارێتییه‌كه له‌لای حكوومه‌تی عێراقییه كه ده‌بێت قووتی گه‌ل و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران وه‌ك هێڵی سوور سه‌یر بكات مادام هه‌رێم به به‌شێك له خۆی ده‌زانێت، له به‌رامبه‌ردا هه‌رێمیش وه‌ك پێویست نه‌هاتووه‌ته پێشه‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی رێكکه‌وتنه‌كه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه‌ی نێوانیان".
ئه‌و مه‌ترسی خۆی نه‌شارده‌وه له به‌رده‌وامی حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی له‌سه‌ر هه‌مان سیاسه‌تی پێشووی حكوومه‌ته‌كه‌ی مالیكی دژی هه‌رێم "به‌داخه‌وه له حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادیش ئه‌وه نابینین و یه‌كێك له‌مه‌ترسییه گه‌وره‌كان ئه‌وه‌یه عه‌بادیش به هه‌ندێك جیاوازییه‌وه به بێده‌نگی له‌سه‌ر هه‌مان سیاسه‌ت به‌رده‌وام بێت".
به‌بڕوای سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی عێراق رێكکه‌وتنه‌كه پێویستی به گفتوگۆی زیاتری ناوه‌ند و هه‌رێم هه‌یه و پێویسته هه‌ردوولا نیازپاكی خۆیان له‌و رووه‌وه نیشان بده‌ن.
له دوای رووخانی رژێمی پێشوی عێراق له ساڵی 2003ه‌وه هەتا ئێستا كۆمه‌ڵێك كێشه له نێوان هه‌ردوولادا به هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه، له‌وانه‌ش كێشه‌ی ناوچه کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و هەروەها پێشمه‌رگه و نه‌وت و چه‌ند كێشه‌یه‌كی تر.
به‌ڵام نه‌وت كێشه‌ی سه‌ره‌كی ناكۆكی نێوان هه‌ردوولا بووه له ماوه‌ی هه‌شت ساڵی رابردووی دوو كابینه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشوی عێراق نووری مالیكی، به‌جۆرێك له‌سه‌ره‌تای ساڵی رابردوودا ئه‌و كێشه‌یه گه‌یشته لوتكه و به‌غدا له‌سه‌ر نه‌وت به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی، ئه‌وه‌ش قه‌یرانی دارایی له هه‌رێم دروست كردووه و هەتا ئێستا به‌رده‌وامه.