Ramal Mahmood
11 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2017
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا سەعدی گوڤەن رایگەیاند کە گشتپرسی لەسەر گۆڕانکاری دەستوور لە رێکەوتی ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ رۆژی یەکشەممە ئەنجام دەدرێت.
گوڤەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڵاوکردنەوەی "یاسای ژمارە ٦٧٧١ لەبارەی گۆڕانکاری دەستووریی کۆماری تورکیا" لەبارەی "سیستەمی حوکمڕانی سەرۆکایەتی" لە رۆژنامەی فەرمیدا بەبیر هێنایەوە و گوتی: "بەپێی مادەی دووی یاسا ٦٠ رۆژ دوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی یاسایی فەرمیدا گشتپرسی لە یەکشەممەی یەکەمدا ئەنجام دەدرێت. لەم میانەیەدا کۆمیسیۆنەکەمان بە یاسای ژمارە ٧٤ بڕیاری دا گشتپرسی لە رێکەوتی ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ رۆژی یەکشەممە ئەنجام بدرێت".
گوڤەن ئاماژەی بەوە دا لە ناوەوەی تورکیا ناوی ٥٥ ملیۆن و ٣٣٦ هەزار و ٩٦٠ دەنگدەر لە تۆماری دەنگدەران تۆمار کراون و نزیکەی ١٦٤ هەزار سندوقی دەنگدانیش دادەنرێن. لە دەرەوەی وڵاتیش دوو ملیۆن و ٩٢٩ هەزار و ٣٨٩ کەس لە تۆماری دەنگدەران تۆمار کراون و سندوقی دەنگدانیش لە نوێنەرایەتییەکانی تورکیا لە ٥٧ وڵات و ٣٢ دەروازەی گومرگی دادەنرێن.
گوڤەن تیشکی خستە سەر ئەوەی گشتپرسی لە نوێنەرایەتییەکانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات ٢٧ ئادار-نۆی نیسان و لە دەروازە گومرگییەکانیش ٢٧ی ئادار-١٦ی نیسان بەڕێوە دەچێت.