Muhammet Ali Kemal
05 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2016
سەرۆكی گشتیی ئاكپارتی و سەرۆكوەزیران ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند: ''ئەو دڕندانەی كە چەك دەدەنە دەستی مرۆڤەكان و رۆحی مرۆڤەكان دەكەنە ئامانج، ناتوانن ئێمە لەیەكتری جیابكەنەوە. ئەوانەی كە جیاكاری دەكەن، لەنێو ئێمەدا جێگەیان نابێتەوە. لەبەرامبەر ئەو كەسانەدا كە ئێمە دەكەنە ئامانج، خەباتمان لەپێناو یاسا، دیموكراتی و برایەتیدا تا كۆتایی درێژە پێ دەدین''.
داودئۆغڵو لەناو گوتنەوەی دروشمی ''سەرۆك ئەحمەد''دا دەستی بە گوتەكانی لەمیانی كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمان كرد.
ئەحمەد داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەكرد كە میوانەكانی ناو هۆڵەكە لە سەرانسەری توركیاوە هاتوون، لە هەریەك لە شرنەخ، سلۆپی، جزیر، دیاربەكر، ئیزمیر، چاناكالە و مانیساوە لە هۆڵەكەدا بوونیان هەیە.
باسی لەوەشكرد بەشێوەیەك كە ئەركی سیاسیی ئاكپارتی لەنێو میوانەكاندا رەنگی داوەتەوە، لە باكوورەوە تا باشوور، لە خۆرئاواوە تا خۆرهەڵات، ئەندامانی هەموو رێكخستنەكانی ئەو ناوچانە، هەر لە تەكیرداغ، باڵكئەسیر، كۆجائەلی، عەنتاب، تۆكات، موغڵا و كوتاهیە میوانن و هاتوونەتە هۆڵەكە.
سەرۆكوەزیرانی توركیا داوای لە هەموو ئامادەبووان كرد بەتایبەتی سڵاو لە لێپرسراوی ئاك پارتی لە شارۆچكەی ئیسپیر ساڵح زەكی چەتینكایا بكەن، كە هەفتەی رابردوو لەلایەن پەكەكەوە رفێنرا، بەڵام بۆ ساتێكیش لە باوەڕی بەو رێگەی كە گرتوویەتییە بەر پاشگەز نەبوویەوە.
داودئۆغڵو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لە رێگای خزمەتكردنی گەلدا هەفتەیەكی چڕ و پڕیان بەڕێكردووە و باسی سەردانەكانی دیاربەكر و سووری كرد.
ئەحمەد داودئۆغڵو باسی لەوەكرد كە هەینی رابردوویان لە دیاربەكر بەسەربردووە و لەدوای مەككە، مەدینە، قودس و دیمەشقەوە، مزگەوتی گەورەی سوور وەك پێنجەمین شوێنی پیرۆز تەماشا دەكرێت، ئەوانیش لەوێ نوێژی هەینییان كردووە و ''لەگەڵ خوشك و برایانی دانیشتووی دیاربەكردا یەكتریان لە ئامێز گرتووە''.
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئاماژەی بەوەكرد كە بەبێ بوونی هیچ پلانێك و ئامادەكارییەكی پێشوەخت ''هەزاران خوشك و برای دانیشتووی دیاربەكر لەدوای نوێژی هەینی گۆڕەپانەكەی بەردەم مزگەوتی گەورەیان پڕ كرد و ئەو هەستەی كە بەو هۆیەوە بۆی درووستبووە ناتوانێت گوزارشتی لێبكات'' و رایگەیاند: ''ئێمە چووبووین بۆ ئەوێ بۆ تەنها راگەیاندنی بەرنامەی ژیاندنەوەی ناوچەی سوور. بەڵام خوشك و برا دیاربەكرییەكانمان، ئەوەندە بە تاسە و خۆشەویستییەوە پێشوازییان لەئێمە كرد، بێ ئەوەی پێشتر هیچ ئامادەكارییەكی بۆ كرابێت، گۆڕەپانەكە كەسێكی دیكەی نەدەگرت، هەر بۆیە ناچار بووین بیگۆڕین بۆ كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی. هەمووان خرۆشا بوون، هەمووان عاشقی یەكێتیی و یەكپارچەیی ئەم نیشتمانە بوون. ئەوە كەسێكیان هەبوو، پورە ساڵحە، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی ٨٠ ساڵی تێپەڕاندبوو، بەڵام چەندین سەعات چاوەڕێی ئێمەی كردبوو. پێشوازی لەئێمە كرد لە گۆڕەپانی مزگەوتی گەورە. تەزبیحەكەی دەستی بۆ رێژ كردین و گوتی 'ئەم تەزبیحە یادگاریی هاوسەری كۆچكردوومە، تەمەنی ٥٧ ساڵە. ئێوە خاوەندارێتیتان لە ئێمە كرد، لەمەودوا ئەم تەزبیحەش وەك دیاربەكر ئەسپاردە و ئەمانەت دەبێت لای ئێوە'. لە پایتەختەوە پێتان دەڵێم، خاوەندارێتی لە هەموو دانیشتوویەكی دیاربەكر دەكەین. ئەو ئەمانەتە جوانەی پورە ساڵحە بەردەوام لە ناخماندا هەڵدەگرین''.
- ''خاوەندارێتی لە مافی برایەتیمان كرد''
ئەحمەد داودئۆغڵو راشیگەیاند ''دانیشتوانی دیاربەكر لەبەرامبەر تیرۆردا بەخۆڕاگری وەستان و خاوەندارێتییان لە مافی برایەتیمان كرد. ئەمڕۆ دانیشتوانی خۆرهەڵات و باشووری خۆرهەڵات بە روونی ئەوەیان راگەیاند كە هەرگیز نەبوون و لەداهاتووشدا نابنە پشتیوانیی رێكخراوی تیرۆریستی''.