Zana Natık Kerem
17 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2019
ئەنقەرە ــ AA
لە رووپێوێکدا کە ئاژانسی ئانادۆڵو لە باکووری سووریا ئەنجامیداوە دەرکەوتووە، ئەو ناوچە ئارامەی کە تورکیا پێداگیری دەکات بەدرێژایی سنوور لەگەڵ سووریا بە درێژی ٤٦٠ کیلۆمەتر و بە قوڵایی ٣٢ کیلۆمەتر دروستی بکات شارو شارۆچکەکانی سەربە پارێزگاکانی حەلەب، رققە و حەسەکە دەگرێتەوە.
بەپێی داتاکانی رووپێوەکە، ناوچەی ئارام شارو شارۆچکەکانی سەربە پارێزگاکانی حەلەب، رققە، حەسەکە دەگرێتەوە و بە درێژایی ٤٦٠ کیلۆمەتر لەسەر سنووری تورکیا لەگەڵ سووریا بە قوڵایی ٢٠ میل (٣٢ کیلۆمەتر) شۆڕدەبێتەوە.
دیارترین و گرنگترین ئەو ناوچانەی کە لە چوارچێوەی ناوچەی ئارامدا دەیانگرێتەوە، ئەو ناوچانەن کە دەکەونە باکووری ھێڵی نێوان ھەردوو گوندی سڕین لە پارێزگای حەلەب و عەین عیسا سەربە پارێزگای رققە.
ھەروەھا ناوچە ئارامەکە، شاری قامیشلۆ و شارۆچکەکانی رەئس عەین، تەل تەمەر، دەرباسییە، عامودا، وەردییە، تەل حمیس، قەحتانییە، یەعربییە، مالیکییە لە پارێزگای حەسەکە لەخۆدەگرێت.
جگە لەوەش ناوچەی ئارام ھەریەک لە ناوچەکانی عەین عەرەب سەربە پارێزگای حەلەب و تەل ئەبیەز سەربە پارێزگای رققە دەگرێتەوە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندبوو کە تورکیا ناوچەی ئارام لە سنوورەکەی لەگەڵ سووریا بە قوڵایی ٢٠ میل (٣٢ کیلۆمەتر) دروست دەکات.
هەروەها رۆژی دووشەممەی رابردووش سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی دەیەوێت ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا بە قوڵایی ٢٠ میل دروست بکرێت.
ئەوەش لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا ھات کە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامدرابوو کە لە میاندا پرسە دووقۆڵیی و نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت دۆسیەی سووریا تاتوێکرابوو.
بیرۆکەی ناوچەی ئارام بۆ یەکەمجار لە لایەن تورکیا لە میانی ئەو سەردانە کە سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان لە مانگی ئایاری ٢٠١٣ بۆ ئەمریکا ئەنجامدابوو گەڵاڵە بوو.
ئامانج لە دروستکردنی ناوچەی ئارام، پاراستنی گیانی ئەو مەدەنییانەیە کە بە ھۆی شەڕو پێکدادانەکان لە سووریا ھەڵدێن.