Zana Natık Kerem
01 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە بارەی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"ەوە ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، دبێتە مایەی بەھێزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا عەبدولقادر ئورالئۆغڵو.
وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا ئێستا بەمەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ھاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا سەبارەت بە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان بەسەردانێک لە بەغدایە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئاماژە بەوەیشدراوە کەلە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" یەکێکە لەو پڕۆژە ستراتیژییانەی کە حکوومەتی عێراق گرنگی پێ دەدات و ڕایگەیاندووە کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، پەیوەندییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و تورکیا وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بەھێزتر دەکات، و ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو پڕۆژەیە باشترین و کورتترین ڕێگایە لە ڕووی گواستنەوە کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە ئەورووپاوە دەبەستێتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، ھەروەھا محەمەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا، ستایشی پەرۆشی تورکیای کردووە بۆ بەشداریکردن لەو پرۆژە گەورەدا و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بەردەوام بن، بە ئامانجی گەیشتن بەو ڕەوتە ئابوورییەی کە لە ڕێگایەوە پڕۆژەکەدا جێبەجێ دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، باس لەوەیش کراوە کە لای خۆیەوە وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا ئورالئۆغڵو ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی خواستی جیددی ھەیە بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" و ئاماژەی بەوەیشداوە کە حکوومەتی تورکیا خۆشحاڵە بە پلان و ھەنگاوە سەرەکییەکانی عێراق بۆ پێشکەوتن و ئەنجامدانی چاکسازی لە بواری ئابوورییدا.