Ramal Mahmood
13 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2016
ئەنقەرە - AA
- سێ هەزار سەربازی خۆبەخشی خەڵکی مووسڵ، کە تورکیا راهێنانی پێکردوون لەئامادەباشیدان بۆ ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی مووسڵ لە داعش
- سەربازە خۆبەخشەکان ١٢ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری مووسڵەوە دوورن.
- کەمپی باشیک هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر داعش، بۆیە زوو زوو دەکرێتە ئامانجی هێرشەکانیان. بەڵام تاکو ئێستا یەکەکانی سوپای تورکیا کاریگەرانە بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوەو نزیکەی ٨٠٠ چەکداری داعشیان کوشتووە.
هەزاران جەنگاوەری خۆبەخشی خەڵکی مووسڵ کە تورکیا مەشق و راهێنانانی پێکردوون بەمەبەستی بەشداریکردن لەئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شارەکەیان، چاوەڕێی فەرمانن بۆ پاککردنەوەی مووسڵ لەداعش.
لەکاتێکدا سوپای ئەمریکا بە تەواوی ئامادەباشی کردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ، جەنگاوەرانی موسڵ لەکەمپی باشیک خەریکی پاراستنی ناوچەکانیانن.
چاوەڕێدەکرێت ئەو ئۆپەراسیۆنەی پلانی بۆ دانراوە بەتایبەتی بۆ ناوەندی پارێزگای نەینەوا کە شاری مووسڵە کۆتایی ئەم مانگە دەستپێبکات.
سەربازانی ئەمریکا، سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی ٥٥ کیلۆمەتر لەدووری شاری مووسڵەوە، لەشارۆچکەی گەیارە جێگیرکراون.
بەپێی پلانی ئۆپەراسیۆنەکە، چوار هێز لە گەیارەوە پێشڕەویدەکەن، لە بەشی خۆرهەڵات و باکووری مووسڵەوە پێشمەرگە پاڵپشتییان دەکەن. بەڵام هیچ یەک لەو هێزانە جەنگاوەرە خۆجێییەکانی شارەکە نیین.
تەنها حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو ناوچانە، پێش ئەوەی داعش داگیریان بکات، بنکەی جەماوەریی هەیە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هێزەکانی پێشمەرگەوە دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون هێزەکانی پێشمەرگە دەچنە ژمارەیەک خاڵ لە دەورووبەری مووسڵ بەڵام لە ناوەندی شارەکە نزیک نابنەوە.
لەسەر داوای عێراق، تورکیا هێزێکی نارد بۆ کەمپی باشیک کە ١٢ کیلۆمەتر لە باکووری شاری مووسڵەوە دوورە، هێزەکە مەشق و راهێنانی بە جەنگاوەرە خۆبەخشەکانی مووسڵ کرد. وێڕای نکوڵیکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو داوایە بەڵام وەزیری بەرگریی، خالید عوبێدی ئەو داوایەی گەیاندە ئەنقەرە.
دوای هاتنی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەش بۆ خاکی عێراق، تورکیا کەوتەخۆ بۆ رێگریکردن لە دووەم گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی. لەسەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٥دا ئەنقەرە دژی داعش کەوتە جموجوڵ و دەستی بەراهێنانی سەربازیی کرد.
٦٠٠ سەربازی سوپای تورکیا کە ئەرکی راهێنان و پاراستنی ئاسایشیان پێ سپێردراوە لەگەڵ ئۆتۆمبیلی گوللـەنەبڕ لە کەمپی باشیک دەبینرێن، تاوەکو ئێستا مەشق و راهێنانیان بە هەزاران خۆبەخشی دانیشتووی مووسڵ کردووە. نزیکەی چوار هەزار خۆبەخش لەکەمپەکە راهێنانیان پێکراوە و لەئێستادا نزیکەی سێ هەزار جەنگاوەر لە کەمپەکە دەبینرێن.
بەپشتیوانیی فەرماندەیی هێزە تایبەتەکانی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا و هێزەکانی دیکەی سوپای ئەو وڵاتە، خۆبەخشەکانی خەڵکی مووسڵ زۆر بەباشی و بەچڕوپڕیی راهێنانیان پێکراوە و لەئاستێکی بەرزدا دەتوانن رووبەڕووی داعش ببنەوە.
هەزاران جەنگاوەری خۆبەخشی مووسڵ، وێڕای هەوڵەکانی رێگریکردنیان لەلایەن ئەمریکا، حکوومەتی عێراق و چەکدارە شیعەکانەوە، چاوەڕێن ئۆپەراسیۆن بۆ سەر داعش دەستپێبکات و ئەوانیش بەشداریی تێدابکەن.
لەلایەکی دیکەوە، یەکە تۆپهاوێژەکان و تانکەکان کە ئاسایشی کەمپەکە دەپارێزن، بەهۆی نزیکییان لە ناوەندی شاری مووسڵ دەتوانن راستەوخۆ ببنە پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکە.
کەمپی باشیک هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر داعش، بۆیە زوو زوو دەکرێتە ئامانجی هێرشەکانیان. بەڵام تاکو ئێستا یەکەکانی سوپای تورکیا کاریگەرانە بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە و نزیکەی ٨٠٠ چەکداری داعشیان کوشتووە.