Abdullah Shukur
01 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2016
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند کە سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەکاتی گەڕانەوەی لە سعوودییە، لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بە "ئەڵمانیای ھیتلەر کردووە بەڵام بەشێک لە سەرچاوەکانی راگەیاندن ئەمەیان بە تەواوی بەلارێدا بردووە و ماناکەیان بە پێچەوانەوە لێکداوەتەوە.
راشگەیەنرا کە ئەردۆغان لەدوای گەڕانەوەی لە وڵاتی سعوودییە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک ئەنجامداوە و لە کاتی باسکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی ئاماژەی بە ئەڵمانیای ھیتلەر داوە. بەڵام بە شێک لە سەرچاوەکانی راگەیاندن وتەکەی ئەردۆغانیان بە تەواوی بەلارێدا بردووە و رێک بە مانا پێچەوانەکەی لێکداوەتەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا راشیگەیاند کە ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر سێ خاڵی گرنگ کردووەتەوە لەمانەش:
١.سیستەمی سەرۆکایەتی لە دەوڵەتی یەکگرتووش دەبێت. پێویست ناکات پشت بە فیدرالیزم ببەستێت.
٢.ئەوەی کە گرنگە لە سیستەمی پەرلەمانی و سیستەمی سەرۆکایەتی پەیڕەوکردنی بنەمای دادپەروەری و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانە.
٣. لە ھەردوو سیستەمی پەرلەمانی و سیستەمی سەرۆکایەتی ئەگەر سیستەم بە خراپی بەکاربھێنرێت ھەروەکو "ئەڵمانیای ھیتلەر" ئەوا ئەنجامەکەی کارەسات دەبێت. ھاوکات ھەردوو سیستەمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لەوانە نییە بە تەنھا رێگر بێت لە سەرھەڵدانی ئەم جۆرە ئەنجامانە. ئەوەی کە گرنگە پەیڕەوکردنی رێگایەکی دادپەروەرانەیە کە خزمەت بە گەل بکات.
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند کە ئەردۆغان بۆ جەختکردنەوە لەم بنەمایانە ئاماژەی بە "ئەڵمانیای ھیتلەر" کردووە. بەڵام بەشێک لە سەرچاوەکانی راگەیاندن بڵاویان کردووەتەوە کە گوایە "ئەردۆغان ئەڵمانیای ھیتلەری وەک سیستەمی سەرۆکایەتی کاریگەر ناوبردووە" ئەمەش لەگەڵ بنەمای راستی و سەربەخۆیی بنەماکانی ھەواڵ یەکناگرێتەوە.
راشگەیەنرا " ئەم ئاماژەیە جێگەی باس نییە. پیشاندانی وتەکانی ئەردۆغان بەوەی کە ئەڵمانیای ھیتلەری بە ئەرێنی ناوبردووە جێگەی قبوڵ نییە".