Abdullah Shukur
27 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2017
ئەنقەرە - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم گوتی : "ئایا دەیانەوێت سووریا دابەش بکەن یان دەیانەوێ یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزن؟. پێویستە ئەمریکا و رووسیا وەڵامی ئەمە بدەنەوە. پێویستە ئەم بڕیارە بدەن. چاوپۆشین لە چالاکییەکانی یەپەگە و پەیەدە لەم ناوچەیە ئێمەی ناڕەحەت کردووە".
یڵدرم لە کۆشکی چانکایا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتی کەناڵەکانی تورکیا کۆبووەوە و ھەڵسەنگاندنی بۆ رووداوەکانی رۆژەڤ کرد.
یڵدرم لەبارەی چالاکییەکانی ئەمریکا و رووسیا لە سووریا گوتی: "لەم شوێنە گۆڕانکاری زۆر روودەدات. ھەموو رۆژێک پێشھاتەیەکی نوێ سەرھەڵدەدات. لە بنەڕەتدا رووداوەکان بەم جۆرەیە: ئێستا رێککەوتنێک لە نێوان رووسیا و رژێم ھەیە و رووسیاش بەم ھۆیەوە ھەژموونی خۆی لە سووریا بەھێزتر کرد. بۆیەش دەیانەوێ ئەمنیەتی ناوچەی بنکە سەربازییەکانی دەریای سپی بپارێزن. لە باکوور یەپەگە و پەیەدە بوونیان ھەیە. لەگەڵ ئەمانە جوڵە دەکەن. لەلایەکی دیکەش ھەماھەنگی ئەمریکا لەگەڵ یەپەگە و پەیەدە شتێکی نوێ نییە. لەوەتەی دەسەڵاتی ئۆباما تاکو ئێستا بەردەوامە. بەڵام لەگەڵ ھاتنە دەسەڵاتی ئیدارەی نوێی ئەمریکا، پێیانمان گوت ئێوە ھەڵەی ئیدارەی پێشوو دووبارە مەکەنەوە، ئێوە لەم ھەڵەیە بگەڕێنەوە. ئێوە دەبێ لەگەڵ سوپای سووریای ئازاد کار بکەن. تا ئێستاش وەڵامی ئەم داوایە بە تەواوی بۆمان نەگەڕاوەتەوە، لەلایەکی دیکەش چالاکییەکان لە گۆڕەپانەکە بەردەوامە. بەرواری ٣٠ ئەم مانگە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانمان دەکات. بزانین چی دەڵێت".
یڵدرم راشیگەیاند کە تورکیا لەگەڵ رووسیا و ھاوکات رووسیاش لەگەڵ تورکیا دەیەوێ پەیوەندییەکانی بەھێزتر بکات. گوتیشی: "ھەرچی وڵاتێک پاڵپشتی بکات لەو گرووپانەی کە ئێمە بە تیرۆریستیان دەزانین، ئەوا ترسمان نییە و بەرەنگاری ئێمە بەردەوام دەبێت".
یڵدرم ئاشکراشی کرد کە سەدا ٩٥ی رەققە لە عەرەب پێکھاتووە و تەنھا سەدا ٤ی کوردەکان لە منبجن. گوتیشی: "لە رۆژئاوای فوڕاتەوە تاکو سنووری عێراق زۆربەی دانیشتوانەکەی عەرەبە. کوردەکان نین. ھیچ کێشەیەک لەگەڵ کوردەکان نییە. کێشە لەگەڵ یەپەگە و پەیەدەیە. ئەمانە درێژکراوەی پەکەکەن. ئەمانە دەیانەوێت لەم شوێنە دەوڵەتێک دابمەزرێنن. ئەمە ئاشکرایە. ئایا دەیانەوێت سووریا دابەش بکەن یان دەیانەوێ یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزن؟. پێویستە ئەمریکا و رووسیا وەڵامی ئەمە بدەنەوە. پێویستە ئەم بڕیارە بدەن. چاوپۆشین لە چالاکییەکانی یەپەگە و پەیەدە لەم ناوچەیە ئێمەی ناڕەحەت کردووە".
یڵدرم ئاماژەی بەوەش دا کە دەبێ ئەمریکا و رووسیا ھەنگاوی ئەرێنی لەمەڕ سووریا بھاوێژن. گوتیشی: "ئەگەر بەڕاستی ئاسوودیی و ئاشتیمان دەوێت ئەوا رێگاکەیە ئەوەی کە باسمان کرد. ئێمە ھەم بە رووسیا و ھەمیش بە ئەمریکا دەڵێین. گشت نەتەوەکانی سووریا با ببنە بەشێکی کارەکە. ببنە خاوەنی وڵاتەکە. نابێ گرووپە تیرۆریستەکان ببنە بەشێکی قۆناغی ئاشتی. دەبێ یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزرێت. پارچە نەکرێ بۆ چەند دەوڵەتێکی بچوک. ئەگەر دابەش بکرێت ئەوا کارەکە لە ھی ئەمڕۆ قورستر دەبێ. باسی ئەوە دەکەین نابێ رێگە بەمە بدرێت. دیالۆگمان لەگەڵ ئەمریکا، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و رووسیا بەردەوامە. لە ھەوڵی ئەوەین دوو لایەنی جیاواز پێکبگەینین و چارەسەرێک بدۆزینەوە".