ئیستانبوڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرکۆماری تورکیا (عەبدوڵڵا گول) لەگەڵ شاندی پەرلەمانی عێراق لەکۆشکی ترابیا دیداریکرد.
شاندی پەرلەمانی عێراق بریتین لە (ئوسامە نوجێفی) سەرۆکی پەرلەمان و دکتۆر فواد مەعسوم لیستی ھاوپەیمانی کوردستان، خالید عەتیە لیستی دەوڵەتی قانوون لەگەڵ چەند ئەندام پەرلەمانێکی دیکە، لەگەڵ بەیان جەبر سوڵاغ وەزیری ناوخۆی عێراق بەوەکالەت لەسەر داوەتی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (جەمیل چیچەک) سەردانی تورکیایان کردووەو چەند رۆژ لەو وڵاتە دەمێننەوە.
عەبدوڵڵا گول سەرکۆماری تورکیا لەکاتی سەردانی شاندەکە بۆلای گوتی " گەورەترین ھیوام بۆ عێراق ئەوەیە ببێتە وڵاتێک ئاشتی باڵبکێشێ بەسەریداو بەئارامی و سەقامگیریی بمێنێتەوە".
ھەر یەکە لەنوجێفی و ھاوسەفەرەکانی سوپاسگوزاری خۆیان گەیاندە سەرکۆماری تورکیا لەپای میوانداریی و پێشوازییکردن لێیان، ھەروەھا جەختیانکردەوە لەسەر پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان تورکیاوە عێراق.