سلێمانی
جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان (عیماد ئەحمەد) ئەمڕۆ پێنجشەممە لەشاری سلێمانی بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی تەندروستی داناو باسی رەوشی بانگەشەو ھەڵبژاردنەکانی بۆ رۆژنامەنووسانکرد.
عیماد ئەحمەد لەبارەی ئاڵۆزییەکان لەکاتی ھەڵمەتی بانگەشە بەتایبەت لەشاری سلێمانی گوتی " با ھەموو لایەنەکان لەزمانی زبرو لەکەدارکردنی یەکتری دوورکەونەوە، پێمانخۆشە ھەڵبژاردنی ئەمجارە ھەڵبژاردنێکی ئازادو بێ فرت و فێڵ بێ، ھەر کەس بەئازادی دەنگی خۆی بدات، خوازیارین ھەموو لایەنەکان بە تایبەت لە شاری سلێمانی بە رۆحیەتی کوردایەتی و یەکتر قەبوڵکردن ململانێی تەندروست بکەن نەک کار بکەن بۆ لەکەدارکردنی یەکتری".
جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم باسی کوژرانی ئەو ژنەی کرد کە شەوی دووشەممە لەشاری سلێمانی بەھۆی تەقەی بانگەشەکاران لەوشارە گیانی لەدەستداو گوتی " بۆچی ژنێک بەبێ تاوان لەسەر شەقام شەھید بکرێ؟ ئەگەر توندڕەوی نەبێ لەپێناوی چیدا خەڵک بکوژرێ، ئەوانەی بانگەشە دەکەن دەبێ پەروەردە بکرێن تا رێز لە بەرامبەرەکانیان".
لەلایەکی دیکە ھەر ئەمڕۆ (لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی) لەڕاگەیەندراوەیەکدا داوایکرد لەکاتی بانگەشەدا چەک ھەڵنەگرن، ئەگەر ھەرکەسێ بەچەکەوە بگیرێ رووبەڕووی سزای یاسایی دەکەنەوە.