Mümin Altaş, Sarp Özer
19 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2021
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ هێرش و دەستوەردانێک لە فڕۆکەخانەی کابول نەکراوە و رایگەیاند ''لە ئەنجامی ئەو کارانەی هێزەکانی سوپای تورکیا لەگەڵ هێزەکانی دیکەدا ئەنجامیداون، فڕۆکەکان بەشێوەیەکی پارێزراو دەستیان کردووە بە فڕین و نیشتنەوە. لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، ٦٤ گەشتی ئاسمانیی ئەنجامدراوە''.
خولوسی ئاکار وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ئەفغانستان و سەربازانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کابول.
وەزیری بەرگریی تورکیا باسی لەوە کرد کە دوای رووداوەکان دوێنێ زیاتر لە ٢٠٠ هاووڵاتی کۆماری تورکیا بەفڕۆکەی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسمانیی گواستراوەنەتەوە و گوتی: ''هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی فڕۆکەخانە بەشێوەیەکی پارێزراو کراوە بێت و خزمەت بە هەموو ئەفغانستان بکات''.
خولوسی ئاکار هەروەها باسی لەوە کرد کە لەو دیدارانەی ئەنجام دەدرێن ئەو بابەتە زیاتر رووندەبێتەوە و بەپێی ئەوەیش بڕیاری کۆتایی دەدرێت و رایگەیاند ''لە ئەنجامی ئەو کارانەی هێزەکانی سوپای تورکیا لەگەڵ هێزەکانی دیکەدا ئەنجامیداون، فڕۆکەکان بەشێوەیەکی پارێزراو دەستیان کردووە بە فڕین و نیشتنەوە. لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، ٦٤ گەشتی ئاسمانیی ئەنجامدراوە. لەم نێوەندەشدا وڵاتانی دیکەش کار دەکەن بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی خۆیان''.
وەزیری بەرگریی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو کە تا ئێستا هیچ هێرش، دەستدرێژیی و دەستوەردانێک لە فڕۆکەخانەی کابول نەکراوە و گوتی: ''هەموو رێوشوێنێک گیراوەتەبەر لە پێناو ئاسایشی سەربازانماندا، بەردەوامیش دەبین لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست. لەسەر بۆچوونی رەنگە رەوشەکە لەناکاو بگۆڕێت لە نزیکەوە چاودێری رووداوەکە دەکەین و هەستیارانە بەردەوام دەبین لەسەر چاودێریکردنی، ئەگەر هەر پێشهاتێکی جیاواز یان رەوشێکی لەو شێوەیە روویدا، ئەوا بەپێی ئەوە رێوشوێنی دیکە دەگرینەبەر و پلانی پێویستمان هەیە. ئەوانەیش جێبەجێ دەکەین''.