Şerife Çetin
19 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2025
نیویۆرک - AA
لە ئەمریکا دادوەری فیدراڵی بڕیاری دا بە گواستنەوەی ڕومەیسا ئۆزتورک لە لویزیانا بۆ ڤێرمۆنت، کە خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی تافتس و مانگی ڕابردوو بە هۆی پشتیوانی کردنی فەڵەستین دەستگیر کرابوو.
دوای ئەوەی پارێزەرانی داواکاریان پێشکەش کرد بۆ گواستنەوەی ئۆزتورک لە لویزیانا بۆ ڤێرمۆنت، دادوەر ویلیام کەی سێشنز بڕیارەکەی دەرکرد.
سێشنز ڕایگەیاند: "ئۆزتورک نیگەرانی دەستووری سەبارەت بە دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی خستووەتەڕوو. پێویستە ئەم نیگەرانیانە لەم دادگایە بە تەواوی و دادپەروەرانە لەبەرچاو بگیرێن". پاشان بڕیایدا ئەو خوێندکارە تورکە هەتا ١ی ئایار لە ویلایەتی لویزیانا بۆ ڤێرمۆنت بگوازرێتەوە، ئەمەیش پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنی کەفالەت کە لە ٩ی ئایاردا بەڕێوەدەچێت.
پارێزەرانی ئۆزتورک داواکارییەکیان پێشکەش بە دادگا کردبوو و، داوایان کردبوو بەهۆی دۆخی تەندروستیی بریکارەکەیانەوە ئازاد بکرێت، یان هەتا ١٨ی نیسان لە ویلایەتی لویزیانا بۆ ڤێرمۆنت بگوازرێتەوە.