ترابزۆن
سەرۆک وەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەکاتی کردنەوەی پرۆژەی کۆمەڵ لەپارکێکی پارێزگای ترابزۆن بانگەوازی بۆ گەل کرد گوتی: "خۆشەویستیی ئێمە خۆشەویستیی ڕەگەزایەتی تورک نییە، کورد نییە، خۆشەویستیی لاز و چەرکەز و ئەباز نییە، لەپێناو خودا یەکترمان خۆش دەوێ، خودای گەورە ھەریەکەمانی بەشێوەی جیاواز دروست کردوە تا لەیەکتر بگەین، نەتەوەکانی تورک کورد چەرکەز عەرەب ئەباز لەنێوان ئەم گەلەدا ھەیە، ئێمە ھەموو یەکترمان لە پێناو خۆشەویستی خودا خۆش دەوێت."
ئەردۆغان گوتی: بیرو دڵمان، لەسەر مێزێک بەچەند ڕەنگێک بۆیە کراوە، نابێ حسابی جیاواز لەسەر نەخشەی تورکیا بکرێت، بەشوێن لێپرسینەوەوە نین، ئێمە بەشوێن گەردنئازادیی ٧٦ ملیۆنین. ئەردۆغان باسیشی لە دیدارەکەی دیاربەکر و باوەش بەیەکداکردنە مێژووییەکەی خەڵکی دیاربەکر کرد و گوتی: زۆرباش ئێوە دەناسین، ئێوەش زۆر باش ئێمە دەناسن، ئاکەپە پارتی بەکارھێنانی گەل نییە. تا ئەمرۆ بەئاشکرا خواست و شتەکانمان گوتوە، لایەنی شاراوە نەبووین، نەبووین بەوانەی بەڵێن دەدەن و لەبیری دەکەن، " بەقەد بەڕەی خۆمان پێ ڕادەکێشین" ، بەھیچ شێوەیەک لەسەردانەکانمان بۆ شارو گوندو شارەدێکان بابەتی جیاوازمان نەگوتوە، لەئیستەنبوڵ چیمان گوتبێت لە وان ھەمان شتمان گوتوەتەوە، لەئیزمیر چیمان گوتبێت لە کۆنیاش دووبارەمان کردۆتەوە، لە دیاربەکر چیمان گوتبێت وەک دەبیستن ئێستا لە ریزەش دەیڵێنەوە، جەخت دەکەمەوە "وەک ئەو پارتانە نین کە لە ئیزمیر ئاڵای تورکیا ھەڵدەدەن و لە ھەکاری دەترسن ھەڵی بدەن." پارتەکەمان وەک چۆن لە ئیزمیر ئاڵای ئەستێرە و مانگ دەشەکێنێتەوە بەسەربەرزیەوە لە دیاربەکر و ھەکاری ھەموو کاتێک ئاڵاکەمان شەکاندوەتەوە، لەکاتی دامەزراندنمانەوە بەردەوام گوتومانە یەک گەل و یەک دەوڵەت، لەنێو ئەم گەلەشدا نەتەوەکانی تورک کورد چەرکەز عەرەب ئەباز لاز و گورجی و ڕۆمان ھەیە، وەک نەتەوەی تورک سەرجەم ئەم نەتەوانەش لە چوارچێوەی دەستوردا مافی یاساییان ھەیە، ئەمەیە گەل، دەکرێت ھەندێ لایەن ئەمەیان نەوێت، بەڵام ئَێمە لێرەدا لەگەڵ دەنگی زۆرینەی گەل ھاوڕاین.
لەدرێژەی گوتەکانیدا ئەردۆغان ئاماژەی بە نەتەوەپەرستیی پارتەکان کرد و جەختی کرد، ئەوان پارتی نەتەوەیی نین، چونکە حاڵی پارتە نەتەوە پەرستەکان ئاشکرایە .
گوتیشی: باوەش بەسەرجەم گەلدا دەکەین، ئامێز بۆ ٧٦ ملیۆن دەکەینەوە، ئێمە ھەموو پێکەوە یەکین، برای یەکترین، ھەموو پێکەوە تورکیاین، وەک چۆن لەدیاربەکر بەزمانی برایەتی و زمانی گفتوگۆو زمانی دڵ لەگەڵ یەکتر قسەمان کردبێت، ئەمڕۆ لێرەدا بەھەمان زمان لەگەڵ یەکتر دەدوێین، ئێمە لەوانە نین کە ناتوانن بڕۆنە ئەو دیو ڕۆژھەڵاتی سیڤاس، ھەندێک پارتی تابلۆ ھەیە، ئێمە لەوانە نین، سەرجەم کارمەندان و گروپەکانمان وەک چۆن لە ترابزۆن و ئیزمیر کاردەکەن لە دیاربەکر و موش و ھەکاری بەھەمان شێوە کارەکان ڕادەپەڕێنن، لەگەڵ ئەوەی ھێرش دەکرێتە سەر بارەگای پارتەکانمان، شەھید دەکرێن و سەرۆک پارتەکانی ئەو ناوچانەمان دەڕفێنن ھەرگیز لەسەر کارەکانمان نەکشاوینەتەوە و بۆ لەمەودواش ناکشێینەوە و لەوێ لەسەر پێ دەوەستین، بەدرێژایی ١١ ساڵ بانگەوازم بۆ پارتە سیاسیەکان کرد، ئێوەش بڕۆن لەوێدا لەنێوان ئەواندا بەرخۆدانی دیموکراسی بکەن، بەڵام نە جەھەپە نە مەھەپە، نەڕۆیشتن، ناشتوانن بڕۆن، لە گۆڕەپانی تەختدا سیاسەتی ئاسان دەکەن، ئەمانە لەوانەن کە دەیانەوێت لەسەر جێگایەکی ئاسودە سیاسەت بکەن.
چەند جارێک توانییان بڕۆن بۆ ئەو ناوچانە، ئەویش لە کاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان دەچنە ئەوێ بەھیممەتی ئێمە، دوای کارەکانمان لەو ناوچانە دەچنە ئەوێ، ئێستا لە باشور و باشوری ڕۆژھەڵات بوونیان نییە، ئێمە بەدرێژایی ٧٨٠ کیلۆمەتر بوونمان ھەیە، لەنێو٨١ پارێزگاداین، لە ٧ ناوچەدا ھەین، بەڵام ئەوان ناتوانن لەنێو لە ھەموو شوێنێک ھەبن، بەبیرو کارەکانیان دەیانەوێت تورکیا جیابکەنەوە، لەخودا نەبێت لە ھیچ کەسێک و لایەنێک ناترسین.