Şerife Çetin
04 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2021
ئەنقەرە- AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، دەربارەی هەندێک لەو راگەیەندراوانەی کە لەسەر رووداوەکانی زانکۆی بۆغازئیچی بڵاوکراونەتەوە، راگەیەنراوێکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە لە تورکیا، مافی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ئازادی رادەربڕین بەشێوەیەکی دەستووریی دەستبەرکراوە.
باس لەوەشکراوە کە هێزە ئەمنییەکان، تا ئێستا بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە یاسا پێیداون، مامەڵەیان لەگەڵ هەر رووداوێک کردووە و لە بەجێهێنانی ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن.
ئەوەش هاتووە کە هێزە ئەمنییەکان زانیاری ئەوەیان هەبووە کەسانێک لە دەرەوەی زانکۆی بۆغازئیچی و بۆ پشتیوانیکردن لە رێکخراوی تیرۆریستی دزەیان کردووەتە ناو خۆپیشاندانەکانەوە و بەم هۆیەوە بەگوێرەی ئەو یاسایانەی تایبەتن بە رێگریکردن لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانی نایاسایی رێوشوێنی پێویست گیراونەتەبەر.
لە راگەیەنراوەکەدا، ئەوەش وەبیرهێندراوەتەوە کە بەشێکی زۆر لەو وڵاتانەی وەک وڵاتی پێشكەوتوو و دیموکراسی وەسفدەکرێن لە کاتی بوونی بچووکترین ناڕەزاییدا، هێزێکی زۆری ئەمنییان هێناوەتە بەرامبەر هاووڵاتییانی مەدەنیی.
داوا لەو وڵاتانەش کراوە کە تەماشای ئەو کارانەی خۆیان بکەن کە بەرامبەر خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان کردوویانە نەوەک دەربارەی تورکیا قسە بکەن، جەخت لەوەشکراوەتەوە کە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی تورکیادا بکات.