Tuğba Yardımcı
23 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2020
گیرەسون - AA
تەرمی سێ کەس لەو کەسانە دۆزرایەوە کە لە شارۆچکەی دەرەلی سەربە پارێزگای گیرەسون، بەهۆی لافاو و خلیسکانی زەوییەوە بێ سەروشوێن بوون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو لە شارۆچکەی دەرەلی بۆ رۆژنامەنووسان دوا و باسی لەوە کرد کە دوای بارانێکی بەخوڕ، لافاو و خلیسکانی زەوی لە شارۆچکەکە روویداوە.
سولەیمان سۆیڵو رایگەیاند ''بە داخەوە لە گیرەسون دوو تەرممان دۆزیوەتەوە. یەکێک لەوانە جەندرمەیە و ئەوی دیکەیان هاووڵاتی مەدەنییە''.
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لە هەڵمەتەکانی گەڕان و رزگارکردن کرد و گوتی: ''لەئێستادا هەڵمەتی گەڕان و رزگارکردنی ١١ هاووڵاتییمان درێژەی هەیە''.
سولەیمان سۆیڵو سەبارەت بە زیانەکانی لافاوەکە گوتی: ''(لە شارۆچکەی دەرەلی) لێرە دووکانێک نییە بتوانرێت بەکاربهێنرێت، هەمووی بەسەریەکداچوون. دەوڵەتەکەمان بە هەموو توانایەکی بریندارەکان تیمار دەکات و لە پاڵ هاووڵاتییاندا دەبێت''.
وەزیری ناوخۆی تورکیا هەروەها باسی لەوە کرد کە لە درێژەی کارەکانی گەڕان و رزگارکردندا، تەرمی هاووڵاتییەکی دیکەیشیان دۆزیوەتەوە، بەوەیش تا ئێستا تەرمی سێ کەس لەوانەی بێ سەروشوێن بوون دۆزراونەتەوە.
گوتیشی: ''تا ئێستا ١٢٧ هاووڵاتییمان لە هەڵمەتی گەڕان و رزگارکردندا، رزگارکراون''.
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو ئەوەیشی خستەڕوو کە لەسەر رێگای تیرەبۆڵو-دۆغانکەنت پێنج جەندرمە و ئامێرێکی کارکردن کەوتوونەتە چەمەکەوە و گوتی: ''کارەکانی گەڕان و رزگارکردنیان درێژەی هەیە. پێشتر رامگەیاند کە جەندرمەیەکمان شەهید بووە، کارەکانی گەڕان و رزگارکردنی ئەوانی دیکە درێژەیە هەیە''.