Mazın Asad
05 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2016
ئیزمیر - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بیناڵی یڵدرم لەبارەی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرێکی سەربازیی لە شاری گیرەسون رایگەیاند: "پێدەچێت ھۆکاری کارەساتەکە بە تەواوی بەھۆی خراپی کەشوھەواوە بووبێت".
یڵدرم دوای رێوڕەسمی جەژن لە لقی سەرۆکایەتی ئاکپارتی لە شاری ئیزمیر، زانیاری لەبارەی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرێکی سەربازیی لە شاری گیرەسون خستەڕوو.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کۆپتەرە سەربازییەکە کە کارمەندی سەربازیی و ھاوسەرەکانیانی تێدابوو بە مەبەستی بەشداریکردن لە بەرنامەی جەژن لە بنکەیەکی سەربازیی بۆ ناوچەکە چووبوون و زیاتر گوتیشی: "فەرماندەی جەرندرمەی ناوچەکە بە مەبەستی بەشداریکردنی لە بەرنامەی جەژن لە بنکەیەکی سەربازیی بۆ ناوچەکە چوون کە بە ھاوسەرەکانیانەوە ١٥ کەس بوون. لەکاتی گەڕانەوەیان پێش گەیشتنیان بە ٤٠ کلیۆمەتر بۆ شاری گیرەسون بە ھۆکارێکی نەزانراو کۆپتەرە کەوتەخوارەوە. لە ئێستادا کاری گەڕان و رزگارکردن دریژەی ھەیە و زانیاریی روونمان لەبەردەستدا نییە و بریندار ھەیە. ھەروەھا دەنگۆی کوژران لە ھەواڵەکاندا بڵاو کراوەتەوە. بۆیە چاودێری پێشھاتەکان دەکەین".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە "ئایا چەند بریندار ھەیە؟" یڵدرم لە وەڵامدا گوتی: "بەھۆی ئەوەی ژمارەکان پًێویستی بە پشتڕاستکردنەوە ھەیە، بۆیە ئێستا شیاو نییە شتێک لەوبارەیەوە بگوترێت. ھەندێکیان کە رزگاریان بوو بریندارن و ھەندێکیشیان رزگار نەکران. خەڵکی گوندەکان ھاوکارییەکی زۆریان لەوبارەیەوە پێشکەش کردووە. ئامبۆلانسەکان بۆ شوێنی رووداوەکە دەچن و بریندارەکانیش دەگوازرێنەوە".
وەڵامی پرسیارێکدا کە "ئایا بەھۆی خراپی کەشوھەواوە بووە؟" سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بیناڵی یڵدرم گوتی: "بەڵێ. پەیوەندی بە کێشەی بینینەوە ھەبووە. ھاوکات دوای تەواوبوونی کاری گەڕان و رزگارکردنی برینداران و قوربانیان، بە فراوانی لێکۆڵینەوە لە ھۆکارەکەی دەکرێت".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەبارەی ژمارەی قوربانیانەوە گوتی: "ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشتووە روون نییە و رەنگە پێنج یان زیاتر بێت".
ھاوکات یڵدرم سەبارەت بە دەنگۆکانی کە ئاماژە بەوە دەکرێت رووداوەکە بەھۆی ھێرشێکی تیرۆریستییەوە بووبێت، یڵدرم لەوبارەیەوە گوتی: "پێشبینی ئەگەرێکی لەو شێوەیە ناکرێت و پێدەچێت ھۆکاری کارەساتەکە بە تەواوی بەھۆی خراپی کەشوھەواوە بووبێت. پەیوەندیم بە سەرۆکی ئەرکانی سوپا و جێگری سەرۆکوەزیران نوردەین جانیکلی کرد. پارێزگار و جێگری سەرۆکوەزیران لە شوێنی رووداوەکەن و لە ئێستادا زانیارییەکان ئەمانەن و ھەروەھا سەرەخۆشی دەکەم".