گیرەسون
دەربارەی دەستووری نوێی تورکیا گول دەڵێ: "بێگومان دەرفەتێکی گەورە لەدەست دەدەین. زۆر دواکەوت. دەرفەتی ئەوە ھەبوو لە خولی پەرلەمانی رابردوو، دەستوورێکی نوێ ئامادە بکرێ. کۆمەڵگا ھیوایەکی گەورەی بەو خولەی پەرلەمان ھەبوو، لەھەمان کات ھەموو پارتە سیاسیەکان ئارەزووی ئەمەیان ھەبوو."
گول ئاشکرایکرد کە ئەو پێیوایە پارتە سیاسیەکان دەربارەی مەسەلە سەرەکیەکان زۆر لە یەکتر دوورنەبوونە و گوتی: "سەرەڕای لەیەکتر دوورنەبوون بەداخەوە ئەو کارە نەکرا. من چوار پێنج مانگ بەر لە ئێستا ئەوەم بینی. ئەو کاتیش گووتم بەداخەوە. بە پشتیوانی خودا لە داھاتوو دەرفەتێکی دیکە دێتە پێشەوە. ئەگەر چەمکەکانمان بگۆڕین، لۆژیکی بیرکردنەوەمان بگۆڕین، بە دیموکراتیانەتر ھەڵس و کەوت بکەین، دەتوانین بە کردەوە پێوانەکانمان بەرزتر بکەینەوە، ھیوادارم لە داھاتوودا بکرێ."
سەرکۆمار گول دەربارەی کشانەوەی باڵیۆزی تورکیا لە قاھیرە دەڵێ: "بڕیارەکە بە ھەستکردن بەبەرپرسیاریەتی دراوە. لەوێ بارودۆخێکی نا ئاسایی ھەیە. ھیوادارم تورکیا و میسر بە چاوێکی کاتی سەیری ئەو بڕیارە بکەن. ھیوادارین بە زووترین کات دیموکراسی بگەڕێتەوە میسر."
گول پێیوایە میسر و تورکیا لە ھەردوولای دەریای سپی وەکو دوو لەتی سێوێکن و گوتی: "کاتێک سەیری باشووری دەریای سپی دەکەین دەبینین وڵاتێکی گەورەی وەکو میسر ھەیە، لە باکووریشی دەوڵەتێکی گەورەی وەکو تورکیا ھەیە. جگە لەوە بەدرێژایی مێژوو پەیوەندی زۆر تەندروستمان ھەبووە، کارسازانی تورک زۆر کاری گرنگیان لەبەردەستە. بێگومان زۆر خەمبارین بەوەی لە میسر روودەدات، بە راشکاوانە ئەمەمان راگەیاندووە. ھیوادارم لە داھاتوو ھەموو ئەمانە بگەڕێنەوە سەر رێچکەی خۆیان."