Mustafa Hatipoğlu
23 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2024
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بەبۆنەی ٨٥هەمین ساڵیادی هاتنی هاتای بۆ باوەشی نیشتمانی دایک، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لەو پەیامەدا کە لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی سەرۆکایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماردا بڵاوکراوەتەوە هاتووە؛ ''هاتای ناوەندی برایەتیی و لێبووردەییە کە کلتوور و ئاینە جیاوازەکانی لە ئاشتییدا کۆکردووەتەوە و میوانداری شارستانیەتە دێرینەکانی لە ئانادۆڵو کردووە. بڕیاری یەکگرتنی لەگەڵ نیشتمانی دایکدا بە ئیرادەی بەهێزی خەڵکی هاتای دەرکرا. ئەم بڕیاری لە ئامێزگرتنە بەهای بەخشیە یەکێتیی و یەکبوونی نیشتمانییمان و، ناسنامەی ئاشتیخوازانەی وڵاتەکەمانی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا کردە پێشەنگ و شکۆمەندی زیاتر کرد. ئەم بڕیاری یەکگرتنە نیشانی دا کە گەلە ئازیزەکەمان یەکێتیی و یەکڕیزیی لەسەرو هەموو شتێکەوە داناوە''.
سەرکۆمار ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بە یەکگرتن لە دەوری بەها هاوبەشەکان بە هەمان ئیرادە و پێداگرییەوە بەرەو ئایندە هەنگاو دەنێن و، باسی لەوەیش کرد بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات کە هاتایشی گرتەوە، وەک گەورەترین کارەساتی دوایین سەدە چووەتە مێژووەوە.
هەروەها سەرکۆمار داوای لێخۆشبوونی بۆ ئەو کەسانە کرد کە لەو بوومەلەرزەیەدا گیانیان لەدەستداوە و سەرەخۆشی لە کەسوکاریان کردەوە و ڕایگەیاند: ''بەم بیرکردنانەوە بە بەزەییەوە یادی هەموو ئەو کەسانە دەکەمەوە کە لە پێناو ئەم دۆزە نیشتمانییەدا کاریان کردووە، بەتایبەتی غازی موستەفا کەمال و سەرکۆماری هاتای، تەیفور سۆکمەن. لە ناخی دڵمەوە سلاو ئاڕاستەی خەڵکی هاتای و هەموو هاووڵاتیانمان دەکەم''.