Kosar OSMAN
24 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2015
ئەنقەرە
یاریدەدەری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکومەتی تورکیا نوعمان کورتوڵموش رەخنەی توندی لە رووسیا گرت بەوەی بۆردومانەکانی حکوومەتی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن و خەڵکی سڤیل لەگەڵ مەسەلەی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە دەخاتە دوو تای تەرازوویەکەوە.
کورتوڵموش پێیوایە ئەمەی رووسیا دەیکات لە لاوازی و زەبوونی بەولاوە شتێکیتر ناگەیەنێت.
یاریدەدەرەکەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند کە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەیەوێ بە سیاسەتی "تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت" بابەتە بەرەو شوێنێکیتر ببات و خۆی وەک بیتاوانێک دەربخات.
ناوبراو لەمبارەوە گوتی: "گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەبارەی سووریاوە بە سیاسەتی 'تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت' هەنگاو دەنێت و نیازی وایە خۆی بە بیتاوان لە قەڵەم بدات. لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کە گوتەبێژەکە بۆردومانەکانی حکوومەتی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن و خەڵکی سڤیل لەگەڵ مەسەلەی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە دەخاتە دوو تای تەرازووێکەوە و هەمان پێوەری بۆ داناون. بێگومان ئەوە لە لاوازی و زەبوونیی رووسیا بەولاوە هیچ شڕۆفەیەکیتری نییە. ئەوەی رووسیا ئەنجامی دا بەزاندنی ئاسمانی وڵاتێکیتر بوو. دوای رووداوەکەش دەبووایە مۆسکۆ دان بەو هەڵەیەدا بنێ کە لەلایەن فڕۆکەوانەکانییەوە ئەنجامدرابوو. دوای ئەوەی تورکیا و رووسیا ئەوەی پێویست بوو لە پرسەکەدا، بەشێوەیەکی دیپلۆماسیانە ئەنجامیان دەدا و بە هەماهەنگی کارمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سووریا دەکرد".