Dlshad Saifaalddin Ahmed
09 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2017
سلێمانی AA
سەرەڕای بەردەوامی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2014 و هاتنی داعشەوە بەرۆكی ئەم هەرێمەی گرتووە و كاریگەری لەسەر زۆربەی بوارەكان كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەت و هاووڵاتییان بە ئومێدەوە لە ساڵی 2017 دەڕوانن و گەشبینن بەوەی سەرەتای رەواندنەوەی ئەو قەیرانە و نەهامەتییەكان بێت.
نووسینگەی سەرەكی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی توركیش ئێرلاین لە سلێمانی، ژمارەیەك بریكاری لە شارەكە هەیە و رۆژانە سەرقاڵی رێكخستنی داواكاری ئەو هاووڵاتییانەیە كە رۆژانە سەردانیان دەكەن و داواكاری ئەنجامدانی گەشت دەكەن، بەڕێوەبەری نووسینگەكەش دەڵێت داواكاری گەشتكردن زۆر بووە و هاووڵاتییان دەیانەوێت بۆ گەشتكردن سەردانی توركیا بكەن.
بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی نووسینگەی سەرەكی توركیش ئێرلاین لە سلێمانی، رۆژگار ئەكرەم فەرەج لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی ژمارەی گەشتەكان و گەشتیارانەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە گوتی: "هێڵی ئاسمانی توركیش ئێرلاین یەكەم گەشتی خۆی لە سلێمانییەوە دەستپێكرد بۆ ئیستانبوڵ و هەفتانە پێنج گەشتی ئەنجام دەدا، دواتر لە ساڵی 2013 ژمارەی گەشتەكان بۆ حەوت گەشتی هەفتانە زیادی كرد، لەو كاتەوە پلانی ئەوەمان دانا بە هۆی زۆری ژمارەی گەشتیارانەوە ژمارەی گەشتەكان زیاد بكەین و لە ساڵی 2015 بۆ 11 گەشتی هەفتانە زیادی كرد".
بە گویرەی ئامارێكی ئەو نووسینگەیە زۆرترین ژمارەی گەشتیاران لە رێگەی هێڵی توركیش ئێرلاینەوە لە سلێمانییەوە بۆ توركیا لە ساڵی 2015 بووە كە گەیشتووەتە 55 هەزار گەشتیار، بەرپرسی نووسینگەكەش دەڵێت كار دەكەن بۆ ئەوەی رێژەی گەشتیاران بگەیەننەوە ئەو ئاستە و كارئاسانی زیاتر بۆ گەشتیاران دەكەن.
رۆژگار ئەكرەم هەروەها گوتی: "لە ساڵی 2015 و دوای قورسكردنی پێدانی ڤیزەی گەشتی توركیا بە هاووڵاتییانی عێراقی لە لایەن حكوومەتی توركیاوە ، كاریگەری لەسەر رێژەی گەشتەكانی هێڵەكەمان كرد و بۆ حەوت گەشتی هەفتانە دابەزی. لە ئێستادا پێدانی ڤیزە ئاسایی بووەتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن لە ماوەیەكی كەمدا فیزەكانیان وەربگرنەوە و گەشت بكەن، ئەوەش وای كردووە ژمارەی گەشتیاران زیاتر ببێتەوە".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، كردنەوەی کۆسوڵخانەی توركیا لە سلێمانی كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر گەشتەكانی هێڵەكە و زیادبوونی ژمارەی گەشتكردنی هاووڵاتییان و چین و توێژە جیاكانی شارەكە بۆ توركیا.
بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی توركیش ئێرلاین ئەوەشی گوت "لە ئێستادا گەشتەكان تەنها بۆ شاری ئیستانبوڵە و هەفتانە حەوت گەشت ئەنجام دەدەین، بە هۆی داواكاری زۆری گەشتیارانەوە پلانمان هەیە بۆ پێش جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ گەشتی ئاسمانی نێوان سلێمانی و ئانتالیا بكەینەوە و هەفتانە دوو گەشت ئەنجام بدەین، ئێستا چاوەڕوانی رەزامەندی دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراقی دەكەین تا رەزامەندی نیشان بدات لەسەر دەستپێكردنی ئەو گەشتە".
بە گوتەی ئەو لە ئێستاوە داواكاری زۆری گەشتیاران و گرووپە گەشتیارییەكانی سلێمانی هەیە بۆ گرتنی شوێن لە جەژنی رەمەزاندا بۆ گەشتكردن بۆ توركیا و بەسەربردنی پشووی جەژن لە شوێنە گەشتیارییەكانی توركیا، كۆمپانیاكەش كۆمەڵێك ئۆڤەری داوەتە هاووڵاتییان و ئاسانكاری زیاتر بۆ گەشتیاران دەكات.
لە ئێستادا نرخی گەشتكردنی چوون و هاتن بە فڕۆكەی هێڵی توركیش ئێرلاین لە سلێمانییەوە بۆ ئیستیانبوڵ لە 333 دۆلارەوە دەست پێدەكات، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی هێڵەكەش لە سلێمانی دەڵێت هەوڵ دەدەن ئەو نرخە لە جێی خۆی بمێنێتەوە و زیاتر نەبێت.