عەنتاب
سەرۆکی دەستەی بەرێوەبردنی ژووری بازرگانیی عەنتاب (ئەیوب بارتک) ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند: رۆژی ١٥ی ئەیلول، ھێڵی ئاسمانیی عێراق، گەشتی حەفتانە لەنێوان ھەولێر - عەنتاب ئەنجام بدات.
سەرۆکی دەستەی بەرێوەبردنی ژووری بازرگانیی عەنتاب روونیکردەوە ھەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە گرنگییەکی تایبەتی ھەیە بۆ عەنتاب، لەوبارەیەوە زیاتر گوتی " لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا بڕی ھەناردەی عەنتاب بۆ ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە دوو میلیارو ٥٦٣ میلیۆن دۆلار. بەتەماین قەبارەی بازرگانیی نێوانمان زیاتر بکەین. لەو بڕوایەین بەدەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆ بۆ ھەولێر پەیوەندییەکان زیاتر دەکات".
ئەیوب بارتک لەبارەی گرنگی ھەرێمی کوردستان گوتی " بەسایەی ئەم ھێڵە ئاسمانییەوە، چوون و ھاتن بۆ ھەرێمی کوردستان زۆرتر دەبێ لە نێوان کارسازەکانماندا، ھەولێر بۆ ئیمە بازارێکی گەورەو گرنگە، لەبەر ئەوەی ئامرازەکانی گواستنەوە لە نێوانمان کەم و سنوردار بوون کارسازو بازرگانەکانمان لەدەروازە سنوورییەکان توشی کێشە دەھاتن".