Ramal Mahmood
10 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2017
ناوەندی میدیایی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوە دا بەپێی بڕگەی چواری مادەی ١٧٥ی دەستووری تورکیا، یاسای ژمارە ٦٧٧١ی گەڵاڵەنامەی گۆڕانکاریی دەستووری کۆماری تورکیا کە لەبارەی سیستەمی حوکمڕانی سەرۆکایەتییە لەلایەن سەرکۆمار ئەردۆغانەوە پەسەند کرا و بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ رای گشتی رەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کرا.
بەشێک لە ماددەکان بەم شێوەیەیە:
- ژمارەی پەرلەمانتاران لە ٥٥٠ پەرلەمانتارەوە دەبێت بە ٦٠٠ پەرلەمانتار.
- تەمەنی خۆپاڵاوتن بۆ پەرلەمان لە تەمەنی ٢٥ ساڵییەوە دەکرێت بە ١٨ ساڵ.
-هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرکۆمار پێنج ساڵ جارێک و لەهەمان رۆژدا ئەنجام دەدرێت. سەرکۆمار پەیوەندی لەگەڵ پارتەکەی ناپچڕێنێت.
- ماوەی ویلایەتی سەرکۆمار پێنج ساڵ دەبێت. یەک کەس دەتوانێت تەنها دوو خول خۆی بۆ سەرکۆمار هەڵبژێرێت.
- ئەو پارتانەی کە دەیانەوێت پاڵێوراوی سەرکۆماریان هەبێت، پێویستە لانی کەم لە سەدا پێنجی کۆی دەنگەکانی وڵاتیان بەدەست هێنابێت، یان ١٠٠ هەزار دەنگدەر دەنگی پێدا بن.
- ئەو پاڵێوراوەی لە هەڵبژاردن لەسەرووی پەنجای دەنگەکان بهێنێت بە سەرکۆمار هەڵدەبژێردرێت.
- لە دۆخی دەرکردنی بڕیارنامەی پەرلەمانی تورکیا لەسەر هەمان بابەتەکان، بڕیارنامەی سەرکۆماری ناچێتە بواری جیبەجێکردنەوە.
- پەرلەمان دەتوانێت دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەسەر سەرکۆمار، جێگرانی سەرکۆمار و وەزیرەکان بکاتەوە.
- ئەو سەرکۆمارەی بڕیار دەدرێت لەبارەیەوە دۆسیەی لێکۆڵینەوە بکرێتەوە، ناتوانێت بڕیاری هەڵبژاردن بدات.
- پەرلەمانی تورکیا دەتوانێت بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی پەرلەمانتاران بڕیاری سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بدات.
- هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی تورکیا و سەرکۆمار بەیەکەوە لە 3ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئەنجام دەدرێت.