Zana Natık Kerem
28 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد سالح سەردانی ھەولێر دەکات و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستکەوتوون، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بەرھەم ئەحمەد سالح سەردانی ھەولێر دەکات و لە میانیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ھەر بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا، رەوشی ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی و رەوشی عێراق بەگشتیی لەگەڵ ئامادەکارییەکانی ئێستا بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، تاوتوێ دەکرێت.
ئەوەیش زانراوە کە بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ھەولێر، ھەوڵی یەکخستنی گوتاری بەھێزی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەدات و ھەروەھا ھێرشەکەی ئەم دواییەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لەگەڵ دوایین پێشھاتەکانی رەوشی ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم تاوتوێ دەکات.
ئەمەیش دوای دێت کە دوێنێ سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف سەردانی ھەولێری کرد و لە میانیدا بە جیا لەگەڵ سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی کۆبوویەوە.