Esat Fırat
16 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2020
قودس - AA
ئەنجوومەنی وەقفە ئیسلامییەکانی قودس کە سەربە سەرۆکایەتی پیرۆزیەکان، کاروباری ئیسلامی و وەقفەکانی ئوردنە، بڕیاریدا بە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە بۆ ماوەی سێ هەفتە مزگەوتی ئەقسا کە دەکەوێتە خۆرهەڵاتی قودس داگیرکراو، دابخرێت.
حاتەم عەبدولقادر، ئەندامی ئەنجوومەنی وەقفە ئیسلامییەکانی قودس، لە لێدوانێکیدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند ''بە هۆی دووبارە هەڵکشانەوەی توشبووانی کۆرۆنا، ئەنجوومەنەکە بڕیاریدا حەرەمی پیرۆز بۆ ماوەی سێ هەفتە بەڕووی نوێژ و سەردانکردندا دابخات''.
عەبدولقادر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بڕیارەکە رۆژی هەیینی ١٨ی ئەیلوول لە پاش نوێژی هەیینی دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و، بڕیارەکەش لەژێر رێنمایی دامەزراوەکانی تەندروستیی و پسپۆڕان دەرکراوە.
عەبدولقادر باسی لەوە کرد کە لەو ماوەیەدا حەرەمی پیرۆز تەنیا بەڕووی کارمەندانی وەقفەدا کراوە دەبێت و، بە هەمان شێوە بانگی تێدا دەدرێت و تەنیا بە بەشداری کارمەندانی وەقفەکە نوێژەکانی تێدا دەکرێت.
هەروەها عەبدولقادر باسی لەوە کرد کە مزگەوتی ئەقسا بەڕووی جووەکان و سەردانکەرانی ناموسوڵمانیشدا دادەخرێت.
بۆ یەکەمجار لە ١٧ی ئاداردا شوێنە داخراوەکانی مزگەوتەکە بە هۆی پەتاکەوە داخرا، دواتر لە ٢٢ی ئاداردا تەواوی مزگەوتەکە بەڕووی نوێژخوێناندا داخرا و، لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی توشبووانی پەتاکە لە ٣٠ ئایاردا دووبارە بەڕووی نوێژخوێناندا کرایەوە.