تەندروستی

ململانێی سیاسیی ژیانی چەندان نەخۆش دەخاتە مەترسییەوە

"روومان دەکەینە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی خێرخواز و وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت وڵاتی تورکیا کە بۆ ئێمە گرنگە و دەروازەی سنووریمان هەیە و دەتوانێت بەهانامانەوە بێت و میکانزمێک دابنێت بۆ ئەوەی نەخۆشەکان لە لایەن وڵاتی تورکیا هاوکاری بکرێن".

Hemin Hüseyin  | 29.12.2017 - نوێکردنەوە : 02.01.2018
ململانێی سیاسیی ژیانی چەندان نەخۆش دەخاتە مەترسییەوە

Arbil

هەولێر-AA

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بوودجەیەکی تایبەت هەبووە لە عێراق بۆ دابینکردنی دەرمان کە دەزگای کیمیادیا هەموو پێداویستی و دەرمانەکانی بەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراق دابەش دەکرد و لەو چوارچێوەیەشدا لە پشکی هەرێمی کوردستان دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرا، بەڵام ماوەی سێ مانگە بە پاساوی جیاجیا حکوومەتی عێراق ناردنی دەرمانی راگرتووە.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، دکتۆر سامان بەرزنجی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەمێکە لەگەڵ عێراق کێشەی دەرمانمان هەیە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە رێگای دەزگای کیمیادیا دەرمان و پێداویستی پزیشکی دابەشی سەر پاریزگاکانی عێراق دەکرا بوودجەیەکی تایبەت بۆ ئەم کەرتە هەیە، هەرێمی کوردستانیش لەو بەشە سەدا ١٧ یەی ئەوا بڕی دەرمانی پێویستمان وەردەگرت، بەڵام ماوەی سێ مانگە بە بیانووی جیاجیا بەشە دەرمانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغدا نەناردراوە و ئەمە وایکردووە کۆمەڵێک کێشە و گرفت بۆ ئێمە دروست بێت".

دکتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی: "ساڵی پار و لەدوای دەستپێکردنی پڕۆسەی رزگارکرنی مووسڵ ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە و سەربازانی عێراقی سەردانی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستانییان کرد و چارەسەری پێویستییان وەرگرتووە، ئێمە توێژینەوەیەکمان کردووە بە ژمارە، کە لە کۆی چوا ملیۆن کەس کە سەردانی نەخۆشخانەکانییان کردووە ئەوا لەو رێژەیە نزیکەی یەک ملیۆن کەس ئاوارە و پەناهەندەبوونە کە نیشتەجێی کەمپەکان و دانیشتووی ناوشاری هەولێربوونە و ئەمەش لە نەخۆشخانەیەک بۆ نەخۆشخانەکانی دیکە دەگۆڕێت".

دکتۆر سامان بەرزنجی ئاماژە بەوەش دەکات کە بۆ ئەوەی بتوانن بوودجەیەک بۆ دەرمانی پێویست دابین بکەن ئەوا لە ساڵی رابردوودا پڕۆژەیەکیان دەست پێکردووە کە بریتییە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ نەخۆش لە نەخۆشخانە حکوومییەکان لە دوای دەوامی فەرمیی و لەبەرامبەریشدا بڕێک پارەی رەمزی لە نەخۆشەکان وەرگیراوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە بە چەند پڕۆژەیەک توانیمان ئەو قەیرانە تێپەڕێنین ئەویش بۆ نموونە نەخۆشخانەی حکوومیمان بەکارهێنا دوای دەوام بۆ ئەوەی نەشتەرگەری بۆ نەخۆش بکرێت بە وەرگرتنی بڕە پارەیەکی کەم کە ئەمەش توانیمان بەشێک لە پێداویستی و دەرمانەکان دابین بکەین، جگە لەوەش وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕێک پارەی بۆ کەرتی تەندروستی دابینکردووە و توانوومانە سوودی لێ ببین، بەڵام پێداویستییەکان زیاترن".

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، نەخۆشییەکانی تالاسیما وەک نموونە دەهێنێتەوە کە لەسەدا ٤٨ـی کۆی توشبووانی ئەو نەخۆشییە ئاوارەکانن و چارەسەری پێویست وەردەگرن لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق ماوەی سێ مانگە هیچ بەشە دەرمانێکی نەناردووەتە هەرێم و سەبارەت بەم بابەتەش، دکتۆر سامان بەرزنجی گوتی: "ئەگەرچی ماوەی سێ مانگە هیچ بەشە دەرمانێک نەهاتووەتە هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە بەڵام لە کۆی ئەو هەزار و ١٥٠ توشبووە، سەدا ٤٦ـی ئاوارەکانن کە بریتین لە ٣٢٣ کەس و مانگانە بڕی ٨٩٧ بوتڵ خوێن وەردەگرن کە لە ساڵێکدا دەکاتە ١٠ هەزار و ٧٦٥ بوتڵ، ٧٧ کەس لەوانەش چاندنی مۆخی ئێسکیان بۆ کراوە، بە کۆی گشتی رێژەی مردنییان ١،٨ بووە کە ئەم رێژەیەش کەمترە لە ستانداردی نێودەوڵەتی و رێکخراوی تەندروستی جیهانی کە رێژە ستانداردەکەی ٢،٥ کەسە و ئەمەش نیشانەیەکی باشە بۆ ئێرە، هەروەها رۆژانە ٤٠ کەس لە سەنتەری تالاسیما خوێن وەردەگرێت، نزیکەی ٨٨ هەزار پشکینی خوێن کراوە، بۆیە داواکاریمان لە حکوومەتی عێراق هەیە بە پلەی یەکەم کە رەچاوی بارودۆخی هەرێمی کوردستان بکات".

دکتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی: "ئێمە روومان دەکەینە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی خێرخواز و وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت وڵاتی تورکیا کە بۆ ئێمە گرنگە و دەروازەی سنووریمان هەیە و دەتوانێت بەهانامانەوە بێت و میکانزمێک دابنێت بۆ ئەوەی نەخۆشەکان لە لایەن وڵاتی تورکیا هاوکاری بکرێن".

شەهاب ئەحمەد خورشید، ئەو باوکێکە کە بە هۆی خراپی بارودۆخی شاری کەرکووک، ماوەی حەفتا رۆژە بەدیار هەردوو منداڵە توشبووەکەی لە سەنتەری تالاسیما دانیشتووە و بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە رەنگی زەردی منداڵەکانی و نەبوونی دەرمان، تەواو بێ ئومێدی دەکات لە ژیانی منداڵەکانی و ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی دوو مانگ و دە رۆژە لێرەم کە هەردوو منداڵەکەم توشبووی تالاسیمان و لە شاری کەرکووکەوە هاتووین، بەڵام لێرە پێمان دەڵێن دەرمان نییە و لە بەغدا نەهاتووە، جگە لە خوێن هیچ شتێکی دیکەمان وەرنەگرتووە، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی منداڵەکانم دروست دەکات".

هەڵبەستی تەمەن نۆ ساڵە کە توشبووی تالاسیمایە، کاتێک پرسیاری لێ دەکەیت کە چیت پێویستە، ئەو لە وەڵامدا دەڵێت تەنیا دەرزی. ئەو لەوە دڵنیایە کە دەرزی و دەرمان دەتوانن لە مەرگ رزگاری بکەن و نەبوونی دەرمانیش رووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە.

هەڵبەست سەمیری تەمەن نۆ ساڵە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "نەخۆشییەکەم تالاسیما و تەنیا پیویستم بە دەرزی هەیە و مانگانە دووجار خوێن وەردەگرم و ئێستا دەرمانی پێویست نییە و داواکاریم ئەوەیە تەنها دەرزی و دەرمان بۆ توشبووان دابین بکرێت".

دایکێک کە بەدیار هەر سێ منداڵەکە توشبووەکەی دانیشتووە و ناتوانیت تەنها حەبێک بۆ یەکێک لە منداڵەکان دابین بکات و دەڵێت ماوەی سێ مانگە دەرمان نەماوە و ئەمەش جگە لە مەترسی لەسەر ژیانییان ئەوا کاریگەری لەسەر حاڵەتی دەروونی منداڵەکانیش دروست کردووە.

نەبات عەلی دایکی سێ منداڵی توشبووی تالاسیمایە و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو منداڵانەم توشبووی تالاسیمانە و پێشتر دەرمانمان وەردەگرت بەڵام ماوەی سێ مانگە دەرمانمان وەرنەگرتووە و ئێستاش مانگانە دووجار دەیانهێنین بۆ ئەوەی ئەوانە خوێن وەرگرن".

نەبات عەلی گوتیشی: "ئەگەر حەب و دەرمانەکان نەبن ئەوا بارودۆخی تەندروستیان تێکدەچێت و دەچێت بەردەوام توڕەن و بە گشتی لە حاڵەتێکی خراپدا دەبن".

سەنتەری تالاسیمای ھەولێر کە ژمارەیەکی زۆر لە توشبووانی نەخۆشی تالاسیمای تێدایە و رەخنە لەوە دەگرن کە ئەوان کەوتوونەتە ناو کێشە و ململانێیەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و بەم جۆرەش بەدەست نەبوونی دەرمانی پێویست دەناڵێنن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن