Heman Hussein Yaseen
12 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2020
ههولێر - AA
کارگەیەکی بەرھەمھێنانی کەلوپەل و پێداویستی پزیشکی لە شاری ھەولێر کرایەوە، کە بریتییە لە بەرھەمھێنانی پێداویستییە پزیکشییەکان و لەناویشیاندا ماسک کە ئێستا خواستێکی زۆری لەسەرە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19).
لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، کەمال موسلیم و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، محەمەد شوکری و پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی، کارگەکەی جیھانی پزیشکی کرایەوە.

لە رێوڕەسمەکەدا، پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە مانگانە ئەم کارگەیە بڕی ١٠ ملیۆن ماسک بەرھەم دەھێنێت کە ئەمەش رێژەیەکی ئێجگار زۆرە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، فەرسەت سۆفی گوتی: ''لەگەڵ کۆمپانیای جیھانی پزیشکی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا پێشبڕکێمان کرد بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کۆمپانیایە دروست بکرێت و بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ کارگەکە کارەکانی تەواو بوو''.
فەرسەت سۆفی گوتیشی: ''لەم کارگەیەدا مانگانە زیاتر لە ١٠ ملیۆن ماسک دروست دەکرێت و ئەمەش رێژەیەکی زۆر باشە و دڵەڕاوکێی خەڵک دەڕەوێتەوە و ھیواداریشین لەماوەیەکی کورت ڤایرۆسەکە نەمێنێت و بە سەلامەتی دەست بە ژیان بکەینەوە''.
پارێزگاری ھەولێر ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەم کارگەیە کاریگەری باشی دەبێت لەسەر دابەزاندنی نرخی ماسک و پێداویستییە پزیشکییەکان دڵنیاییشی دایە ھاووڵاتییان کە کردنەوەی ئەم کارگەیە دەتوانێت لەبەرژەوەندی خەڵکدا بێت و پێداویستییەکان پڕ دەکاتەوە.
دواتر وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتی: ''ئەم کارگەیە، کارگەیەکی گەورە و گرنگە لە بەرھەمھێنانی پێداویستیە تەندروستییەکان و بەتایبەتی بۆ دروستکردنی ماسک و ئەو پێداویستییانەی لە ھۆڵی نەشتەرگەری بەکاردێت، لە ئێستادا ھەموو دونیا سەرقاڵی پەیداکردنی ئەم پێداویستیانەیە و بەخۆشحاڵییەوە کە لە ھەرێم کوردستان بۆ یەکەمجار بەرھەمی خۆماڵی لەسەر ستانداردێکی بەرز بەرھەمدەھێنێت''.
سامان بەرزنجی ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەم کارگەیە پێداویستییەکانی ھەرێمی کوردستان پڕدەکاتەوە و لە توانایدا ھەیە کە کەلوپەلەکان ھاوردەی دەرەوەی وڵاتیش بکات و پێشی وابوو کە ئەمە بۆشاییەکی گەورەی پێداویستییەکان پڕ دەکاتەوە