Heman Hussein Yaseen
27 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2020
ههولێر - AA
وەزارتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەو کەسانەی کە لە بەریتانیا، کۆماری باشووری ئەفریقا، ئوسترالیا، دانمارک، ھۆڵەندا، بەلجیکا، ئێران، ژاپۆن و لوبنان دێنە ھەرێمی کوردستان پشکنینیان بۆ دەکرێت.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە بۆ هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتی تەندروستی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەرین و کۆیەی ناردووە، ئاماژەی بەوەداوە کە بە مەبەستی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەوەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا پشکنین بۆ ئەو کەسانە بکرێت کە لە بەریتانیا، کۆماری باشووری ئەفریقا، ئوسترالیا، دانمارک، ھۆڵەندا، بەلجیکا، ئێران، ژاپۆن و لوبنان دێنە ھەرێمی کوردستان.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە نووسراوەکەدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەو کەسانەی کە لە بەریتانیا، کۆماری باشووری ئەفریقا، ئوسترالیا، دانمارک، ھۆڵەندا، بەلجیکا، ئێران، ژاپۆن و لوبنان دێنە ھەرێمی کوردستان بەڵێننامەیان پێ پڕدەکرێتەوە و کەرەنتین و چاودێریی دەکرێن و لە کاتی دەرکەوتنی ھەر نیشانەیەکی نەخۆشییەکە راستەوخۆ دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە و بەوردی چاودێری دەکرێن و پشکنین بۆ بەرکەوتەکانیش ئەنجام بدرێت.
وەزارەتی تەندروستی هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە لەدوای ھەشت رۆژ لە کەرەنتینکردن، دووبارە پشکنینی دڵنیایییان بۆ ئەنجام دەدرێتەوە.