Hemın Othman Mohammed
12 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2016
بەمەبەستی پرۆتێستۆكردنی پەیوەندیە سیاسیەكان، پارە و گرووپە بەرژەوەندخوازەكان، لەبەردەم بینای كۆنگرێس لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا خۆپیشاندانێك سازكرا و، تیایدا نزیكەی 400 كەس لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كران. خۆپیشاندەران كە نوێنەرایەتی گرووپی "بەهاری دیموكراسی"یان دەكرد، لەبەردەم بینای كۆنگرێسدا گردبوونەوەیان ساز كرد، دروشمی "پارە مەخەنە ناو سیاسەت" ، "هەموو كەس مافی یەك دەنگی هەیە" بەرز كردبۆوە.
یەكێك لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە بەناوی كای نیوكیرك، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رەخنەی لە تێگەیشتنی دیموكراسی ئەمریكا كرد و گوتی: "حكوومەتەكەمان، لەژێر كۆنترۆڵی گرووپە بەرژەوەندخوازە دەوڵەمەندەكاندایە. كۆنگرێسیش لەو بارەیەوە بێ دەنگە. ئەمڕۆ دەڵێین ئەوە بەو شێوەیە بەردەوام نابێت".
هاوكات خۆپیشاندەران پرۆتێستۆی ئەو راگەیەنراوەیان كرد كە دەڵێت لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی داهاتوودا كە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت كۆمپانیا گەورەكان سەدان ملیۆن دۆلار دەبەخشنە ئەو كاندیدانەی پشتیوانیان دەكەن.