Laith Al-jnaidi
25 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2024
عەممان ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی و وەزیری دەرەوەی میسر، بەدر عەبدولعاتی ھۆشداری ئەوەیان دا کە ئیسرائیل ناوچەکە بەرەو شەڕێکی گشتگیر دەبات و داوایان کرد کە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و لوبنان، بوەستێندرێن.
فوئاد حوسێن، ئەیمەن سەفەدی و بەدر عەبدولعاتی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ٧٩ھەمینی خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ھاوبەش کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئوردن بڵاوکراوەتەوە لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە رێڕەوی کارکردن لە چوارچێوەی میکانیزمی ھاریکاری سێقۆڵی کراوە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بەستنی لووتکەی سێقۆڵی داھاتوو لەسەر ئاستی سەرکردەکانی ھەر سێ وڵات لە قاھیرە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گرژییەکانی ئێستای ناوچەکە تاوتوێ کراوە و لەوبارەیەوە جەخت لەوە کراوەتەوە کە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، پەیوەندیدارە بە وەستاندنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئوردن و میسر دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر لوبنان سەرکۆنە کردووە و ھۆشداری ئەوەیان داوە کە ئیسرائیل ناوچەکە بەرەو شەڕێکی گشتگیر دەبات.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەروەھا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە کە بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ وەستاندنی شەڕەکە لە ئەستۆ بگرن.
ئاماژە بەوەشدراوە کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئوردن و میسر جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئیسرائیل بەرپرسە لە خراپبوونی دۆخەکە کە لێکەوتەی جیددی بۆ ناوچەکە دەبێت.