Mahmut Atanur,Muhammet Ali Kemal
29 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2018
جاکارتا - AA
پارچەکانی ئەو فڕۆکە نەفەرهەڵگرەی کە لە ئیندۆنێزیا بە ١٨١ سەرنشین و ٧ کارمەندی فڕۆکەکەوە دوای ماوەیەکی کەم لە هەڵفڕینی کەوتە دەریاوە، دۆزرایەوە.
کاربەدەستان ئاشکرایانکرد لە کاتژمێر ٠٦:٣٣دا پەیوەندییان بەو فڕۆکەیەوە پچڕاوە کە لە ٠٦:٢٠دا فڕیوە.
سەرۆکی دامەزراوەی نیشتمانیی گەڕان و پشکنین، محەمەد سیاوگی رایگەیاند، پارچەکانی ئەو فڕۆکە نەفەرهەڵگرەیان دۆزیوەتەوە کە لە جاکارتاوە ویستوویەتی بەرەو شاری پانگال پینانگی دوورگەی سوماترا بفڕێت و دوای ماوەیەکی کەم لە هەستانی کەوتووەتە خوارەوە و ١٨٨ کەسی تێدابووە.
محەمەد سیاوگی باسی لەوەکرد کە کارەکانی گەڕان و رزگارکردن لە ناوچەکە درێژەی هەیە و سەبارەت بە چارەنووسی سەرنشینەکانیش هیچ زانیارییەکی نەدرکاند.
لای خۆشییەوە وەزارەتی گواستنەوەی ئیندۆنێزیا بڵاویکردەوە، لەنێو ١٨١ سەرنشینەکەدا، سێ منداڵ هەن کە دووانیان ساوان و کارمەندانی فڕۆکەکەش حەوت کەسن کە دووانیان فڕۆکەوانن.
هاوکات سەرۆکی لیژنەی نیشتمانیی ئاسایشی گواستنەوە، سوێرجانتۆ جاهجۆنۆ ئاشکرایکرد فڕۆکەکە سەربە هێڵی ئاسمانیی لیۆنە و لە جۆری بۆینگ-٧٣٧ ماکس هەشتە و یەکێکە لەو فڕۆکە نوێیانەی کە کۆمپانیاکە بەم دواییانە کڕیویەتی.