Haydar Şahin
20 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2023
تاران - AA
ئێران ئەو راگەیەندراوە هاوبەشەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی G7 کە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەیاندا بڵاویان کردەوە بە "بێبنەما و دەستوەردەر لە کاروباری وڵاتەکەی" وەسف کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێک کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی دەرەوە کاردانەوەی لە هەمبەر ئەو "تۆمەتانە" نیشانداوە کە لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەی ١٨ی نیسانی وڵاتانی G7 ئاراستەی ئێران کراون.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هیچ کاتێک بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە بیری ئایینی و ستراتیجییەتی بەرگریی و ئەمنیی ئێراندا نەبووە و هاتووە: "کۆماری ئیسلامی ئێران، لەچوارچێوەی رێککەوتننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و رێککەوتننامەی رێکارە گشتگیرەکانی پاراستندا، سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە هەماهەنگییە تەکنیکی و بنیاتنەرەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم".
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئێران داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە دەستوەردان لە چالاکییە تەکنیکییەکانی نێوان تاران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە هاتوچۆی دڵنیای ناو کەنداو و گەرووی هورموز بە "هەوڵی بەرپرسانە"ی ئێران هاتووەتە بەرهەم و تۆمەتبارکردنی ئێران بە "هەوڵێکی نابەرپرسانە بۆ مافدان بە هەژموونی سەربازیی ئەمریکا کە دەبێتە هۆی تێکدان و ناسەقامگیریی ناوچەکە" وەسف کراوە.
ئەو تۆمەتانەش رەتکراونەتەوە کە باس لەوە دەکەن "ئێران لە جەنگی ئۆکراینادا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی داوەتە رووسیا" داواش لە وڵاتانی رۆژئاوا کراوە "لەبری چەکدان بە ئۆکراینا و گەرمکردنی جەنگەکە، کار بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەڕێی دیالۆگ و پەیوەندی دیپلۆماسییەوە".
ئاماژە بەوەش دراوە کە ئێران چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ چەکێکی نەداوەتە لایەنە بەشەڕهاتووەکان و هیچ چەکێکیشیان ناداتێ.
رۆژی ١٨ی نیسان وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی G7 کە لە هەریەکە لە ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و ژاپۆن پێکدێت، راگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوە سێ رۆژییەکەیان بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوە کراوە کە "پێویستە هەرگیز ئێران پەرە بە چەکی ئەتۆمی نەدات".
هەروەها چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بە "چالاکی تێکدرانە" وەسف کراوە و نیگەرانیش لەوە خراوەتەڕوو کە "ئێران چەکی داوەتە رووسیا".