Ahmet Dursun
27 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2019
ئەنقەرە - AA
لێدوانی سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی لەبارەی نیشاندانی ئامادەباشی بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، کاردانەوەی میدیای سەربە پارێزگارانی بەدوای خۆیدا ھێنا.
رۆژنامەی جەوان نزیک لە سوپای پاسداران، ھەواڵێکی پەیوەندیدار بە روحانی بە مانشێتی "دیپلۆماسی فۆتۆ گەشە بە ئێران نادات بەڕێز روحانی" بڵاوکردووەتەوە و تیایدا حەسەن روحانی کردووەتە ئامانج بە ھۆی نیشاندانی ئامادەباشی بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ.
لە ھەواڵەکەدا ئاماژە بە ھەوڵەکانی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئێمانوێل ماکرۆن کراوە لەبارەی دەستپێکردنی گفتوگۆ لە نێوان روحانی و ترەمپ.
ھاوکات رەخنەی ئەوەیش گیراوە کە روحانی کۆبوونەوەکەی بە پرسی گەشەپێدانی ئێران بەستووەتەوە.
لە ھەواڵەکەدا ھاتووە:
"روحانی و ماکرۆن پەیام و وەڵامی پەیوەندیدار بە ئامادەبوونی مەرجەکانی کۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ و گەشەپێدانی ئێران بەم ھۆیەوە بۆ یەکتر ناردووە. ترەمپ-یش بەڵێنی 'ئێرانێکی دەوڵەمەندی' داوە، بەڵام راشیگەیاندووە کە ئەمریکا ھیچ شتێک بە ئێران نادات. روحانی-یش ئەم کۆبوونەوەی بە پرسی گەشەپێدانی ئێران ناوبردووە".
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی ھەواڵیی میھری نیمچە فەرمی لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی روحانی و ترەمپ بڵاویکردەوە کە رێبەری ئایینی، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی چوار مانگ بەرلە ئێستا بەتەواوی دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ دووپاتکردبوویەوە.
دوێنێ سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی لە لێدوانێکیدا لەبارەی ئەگەری دانوستان لەگەڵ ترەمپ رایگەیاندبوو "ئەگەر بزانم بە کۆبوونەوەم لەگەڵ کەسێک کێشەکانی وڵات چارەسەر دەبێت و گەشە بە ئێران دەدرێت ئەوا ھیچ دوودڵ نابم (لە کۆبوونەوە)".