Zana Natık Kerem
04 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 05 مای,س 2017
تاران ــ AA
میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە كە بە هۆی داڕمانی كانگایەکی خەلووز لە شاری ئازەرشەهر سەربە ویلایەتی گوڵستان باكووری ئێران، ٣٥ كرێكار گیانیان لەدەستدا.
هاوكات وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئێران، عەلی رەبیعی لە لێدوانی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە بە داخەوە سەرجەم ئەو كرێكارانەی كە كەوتبوونە ژێر پاشماوەی كانگا رووخاوەکە، گیانیان لەدەستدا.
عەلی ربیعی گوتیشی: "لە میانی هەڵمەتەكانی گەڕان و فڕیاکەوتن كە تا ئێستا بەردەوامە، تەرمی ٢١ كەس لەژێر دار و بەردە رووخاوەکانی كانگا خەلووزەكە دەرهێنراون".
هاوكات ئاژانسی كرێكارانی ئێران لە زمانی بەرپرسی یەكەی گەڕان و رزگاركردن لە مانگی سووری ئێرانی، شاهین فەتحی گواستەوە كە تەقینەوەیەك لە كانگای خەلووزی، زمستان یورت لە شاری ئازەرشەهر لە باکووری ئەم وڵاتە روویداوە.
بە پێی ئەم هەواڵانە ژمارەیەک کرێکاریش لە رووداوەکە بریندار بوون.
شاهین فەتحی گوتیشی: "بە هۆی تەقینەوەكەوە، سەقفی كانگا خەلووزەكە داڕماوە و هەروەها زیاتر لە ٤٠ كرێكاریش كەوتنە ژێر پاشماوەی رووخاندنەكەوە كە تەنها شەش لەو كرێكارانە رزگاركران كە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ئازەرشەهر.
هاوكات بەرپرسێك لە پارێزگای گوڵستان رایگەیاند كە تەقینەوەكە بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی غاز لە كانگاکە روویداوە.
پێشتر هەردوو ئاژانسی فارس و خوێندكارانی ئێران لە زمان بەرپرسی دەزگای فریاكەوتنی ئێران، حوسێن كولیڤەندیان گواستەوە كە كانگاكە لە دوو بەش پێكهاتووە كە بەشی یەكەم، ٤٠ كرێكار و بەشەكەی دیكە ٣٠ بۆ ٤٠ كرێكار لە خۆ دەگرێت.