Zeynep Rakipoğlu,İrem Demir,Mehmet Yusuf Melikoğlu,Elif Küçük
08 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2023
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە بە دامەزراندنی ٤٥ هەزار مامۆستا گەورەترین دامەزراندنیان لە مێژووی کۆماردا ئەنجامداوە و گوتی: "نزیکەی نیوەی مامۆستاکانمان کە ئەمڕۆ دادەمەزرێن لە پارێزگاکانی ناوچەی بوومەلەرزەکە دەستبەکار دەبن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارێکیدا کە لە رێوڕەسمی دامەزراندنی ٤٥ هەزار مامۆستا لە ناوەندی کۆنگرەی هالیج پێشکەشی کرد، خۆشحاڵی خۆی نیشان دا کە لەم رۆژە پڕشکۆیەدا لەگەڵ مامۆستایاندایە.
سەرکۆمار ئەردۆغان پیرۆزبایی لە یەک بە یەکی ئەو مامۆستایانە کرد کە ئەمڕۆ دامەزرێنراون و ئەوەی خستەڕوو کە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، تێکڕا ١٢ هەزار و ٩٨ مامۆستای خاوەن پێداویستی تایبەتیان دامەزراندووە.
سەرکۆماری تورکیا باسی لەوەیش کرد کە ئەمڕۆ، سوپای پەروەردە بەهێزتر بووە و لە کاتێکدا ساڵی ٢٠٠٢ ژمارەی مامۆستایان ٥٠٠ هەزار بووە، ئەمڕۆ ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار.
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەیش کرد کە سەدا ٧٥ی ژمارەی مامۆستایانی ئەمڕۆ کە هەن، خۆیان دایانمەزراندوون و گوتی: "ژمارەی ئەو مامۆستایانەمان کە لەگەڵ ئێوەدا دامەزرێنراون نزیکەی ٨٠٠ هەزار مامۆستان. گەورەترین دامەزراندنمان لە مێژووی کۆماردا ئەنجامداوە. نزیکەی نیوەی مامۆستاکانمان کە ئەمڕۆ دادەمەزرێن لە پارێزگاکانی ناوچەی بوومەلەرزەکە دەستبەکار دەبن".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان گوتی: "زۆنگاوی تیرۆر کە لەناو سنوورەکانماندا گەیشتووەتە خاڵی تەواوبوون، بەتەواوی لە باکووری عێراق و سووریاش وشک دەکەین".