Zana Natık Kerem
05 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2021
ھەولێر ــ AA
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند کە بەبیستنی ھەواڵیی ئاگرکەوتنەوەکەی ناو کەمپی شاریا لە پارێزگای دھۆک، خەمباربوون.
لە راگەیەنراوێکدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا، خەمباری خۆی نیشانداوە سەبارەت بە رووداوی ئاگرکەوتنەوی ناو کەمپی شاریا لە پارێزگای دھۆک و ھاتووە: "بەبیستنی ھەواڵیی ئاگرکەوتنەوەکەی ناو کەمپی شاریا لە پارێزگای دھۆک کە بە ھۆیەوە ژمارەیەک کەس بریندرابوون و ژمارەیەکی زۆری خێوەت سووتان، خەمباربووین".
ئەوەیش ھاتووە: "لەگەڵ ھاوبەشەمان لە کەمپی شاریا لەوانە کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارەکان و رێکخراوی یونسێف و رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی لە پەیوەنداین بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی بەو کەسانەی کە بەھۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە".
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە راگەیەنراوەکەدا جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە ھەوڵی زیاتر بدرێت بۆ بدۆزینەوەی چارەسەری یەکجارێکی ئامانجی کۆتاییھێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان لە عێراق بە جۆرێک کە ئاوارەکان بەئارەزوومەندانە و لە رەوشێکی ئارامدا بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان و ھاتووە:
"لەئێستادا و لەم ساتە دژوارەدا، دڵمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکەیە".
دوای نیوەڕۆی رۆژی ھەینی، ئاگرێک لە کەمپی شاریا لە پارێزگای دھۆک کە ئاوارە ئێزدییەکان تیایدا نیشتەجێن، کەوتەوە. بە گوتەی ھاووڵاتییەکی نیشتەجێی کەمپەکە، ئاگرەکە بەھۆکارێکی نادیار کەوتووەتەوە.
پارێزگاری دھۆک، عەلی تەتەر لەبارەی زیانەکانی ئەو ئاگرەی کە لە کەمپی شاریا باشووری پارێزگای دھۆک کەوتەوە ئاشکرایکردبوو، لەو بەشەی کەمپەکەدا کە ئاگری گرتووە، ٣٧٠ خێوەت سووتاون کە ١٨٤ خێزان تیایاندا نیشتەجێبوون کە سەرجەمیان ٩٩٤ کەسن و سەرجەم کەلوپەل و سامانیان سووتاوە.
کەمپی شاریا دەکەوێتە باشووری پارێزگای دھۆک و ھاووڵاتییانی ئێزدی تیایدا نیشتەجێین کە بەھۆی ھێرش و پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆسەر شنگال لە ھاوینی ٢٠١٤دا، ئاوارە بوون و لەو کەمپەدا گیرسانەوە.