Ömer Tuğrul Çam
22 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2022
بڕۆکسل/پاریس- AA
ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدەن و بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر رووسیا، پەسەند دەکەن.
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان باسی لەوە کرد کە بەهۆی گرژییەکانی نێوان رووسیا-ئۆکراینا، داوای لە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کردووە، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدەن.
جۆزێپ بۆڕێڵ ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کۆبوونەوەکە دوای نیوەڕۆ ئەنجام دەدرێت و تیایدا بڕیاری سەپاندنی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا بەسەر رووسیادا، پەسەند دەکرێت.
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ پێشتریش ئەوەی راگەیاندبوو کە یەکێتیی ئەورووپا پاکێجێکی تایبەت بە سزای ئامادە کردووە و ئەگەر رووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا، ئەوا جێبەجێ دەکرێت.
دوێنێ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین واژووی لەسەر داننان بە سەربەخۆیی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوگانسک سەربە ئۆکراینا کرد و فەرمانی ناردنی سەربازی وڵاتەکەی بۆ ئەو دوو هەرێمە، دەرکرد.