Betül Yürük
20 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2016
نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە)، عەبدولحەكیم بەشار كە هاوشانی ئەنجوومەنی باڵای دانوستان هەنگاو دەنێت، داوای لە پەیەدە كرد پەیوەندییەكانی لەگەڵ رژێم بپچڕێنێت و لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بێتە ریزی هێزە شۆرشگێڕەكانەوە.
بەشار كە لەچوارچێوەی كۆبوونەوەكانی جنێڤ لەبارەی سووریا، لێدوانی دایە رۆژنامەوانان، ئاماژەی بەوەكرد كورد لەناو ئەنجوومەنی باڵای دانوستاندا كەلەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە پێكهێنراوە، نوێنەرایەتی دەكرێن.
ئەو نوێنەرەی ئەنەكەسە رایگەیاند ''داوا لە پەیەدە دەكەین پەیوەندییەكانی لەگەڵ رژێم بپچڕێنێت و لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بێتە ریزی هێزە شۆرشگێڕەكانەوە. ئەگەر بێت و پەیەدە بێتە ریزی هێزە شۆڕشگێڕەكانەوە، ئەوا لاپەڕەیەكی نوێ دەكەینەوە و بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەكانی جنێڤدا نوێنەرایەتی بكرێن، نێوەندگیری دەكەین''.
لای خۆیشییەوە، یەكێك لە نوێنەرانی ئەنەكەسە، فوئاد عەلیكۆ، ئاماژەی بەوەكرد ئەنجوومەنی باڵای دانوستان دوو مانگ لەمەوبەر داوای لە پەیەدە كردووە بێتە ریزی هێزە شۆرشگێڕەكانەوە بەڵام پەیەدە وەڵامی ئەم داواكارییەی نەداوەتەوە.
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لە باشووری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە، عەلیكۆ رایگەیاند ''ئەو كێشەیەی لە توركیا هەیە، بابەتێكی ناوخۆییە و هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نییە. ئێمە دەستوەرنادەینە كاروباری كورد لە توركیا، عێراق و ئێران. توركیاش دەستوەردانێكی تایبەتی لە كێشەی كورد لە سووریادا نییە''.
- پەیەدە بووە هۆی ئەوەی ١٠٠ هەزار كورد لە ماڵ و حاڵیان ببن
عەلیكۆ ئاماژەی بەوەش كرد كە ١٠٠ هەزار گەنجی كورد بەهۆی ئەوەی لەژێر فشاری پەیەدەدا بوون و ئەوانیش نەیانویستووە بچنە ریزەكانی ئەو پارتەوە، ئاوارە بوون و ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و جەختی لەوەكردەوە پەیەدە منداڵی كردووەتە سەرباز و بەكاریان دەهێنێت.