Sangar Hamad Azeez
02 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2016
قاهیرە - AA
کۆمکاری عەرەبی داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد هەرچی زووە کۆتایی بە توندوتیژییەکانی حەلەب بێت و رێگە بە یارمەتییە مرۆییەکان بدرێت کە بگەیەنرێنە دەست هاووڵاتییانی ناوچەکە.
گوتەبێژی سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی، محەمەد عەفیف روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئیدانەی بۆردومانەکانی سەر شاری حەلەبی کرد بەتایبەتی بۆردومانکردنی نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکان و گوتی: "پێویستە هەرچی زووە کۆمەڵکوژییەکەی حەلەب رابگیرێت و رێگە بدرێت یارمەتییە مرۆییەکان بە هاووڵاتییانی شارەکە بگات".
ئەو گوتەبێژە جەختی کردەوە لەوەی کە نزیکەی ٢٥٠ هەزار هاووڵاتی لە رۆژئاوای شاری حەلەب لەلایەن رژێمەکەی ئەسەدەوە ئابلۆقە دراون و گوتی: "ئەمە کارێکی نا مرۆڤایەتییە، بۆردومانەکانی سەر حەلەب ئەنجامدانی تاوانی جەنگە".
عەفیف ئاشکرای کرد کەوا لە دوو هەفتەی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو توندوتیژییەکانی حەلەب زیادی کردووە و گوتی: "پێویستە بۆ بەرگرتن لە بۆردومانەکانی حەلەب ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نزیکترین کاتدا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن".
رژێمی سووریا بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە ١٩ی مانگی رابردووە تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی بۆردومانی ئەو ناوچانە دەکات لە حەلەب کە لەژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دایە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن".