Hemn Baban
25 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2018
هەولێر - AA
گوتهبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردن و راپرسی له ههرێمی كوردستان، شیروان زرار رایگەیاند "ئهمڕۆ بۆ یهكهمجار لهدوای ریفراندۆمهكهی ههرێمی كوردستان كۆمیسیۆنی ههڵبژاردنهكانی ههرێم و عێراق له بهغدا كۆدهبنهوه، كۆبوونهوهكه بۆ دوو مهبهسته، یهكهم بۆ وهرگرتنی تۆماری دهنگدهرانی عێراقه و دووهم بۆ دهستپێكردنهوهی ههماههنگییهكانی نێوان ههردوولا".
دانیشتنی هەردوو لا لەكاتێكدایە، پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی لە هەرێم دەكرد.
گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، شیروان زرار لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ یەكشەممە، بۆ یەكەمینجار لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوووە شاندێكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان سەردانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات و لە بەغدا لە لایەن بەرپرسانی ئەو كۆمیسیۆنەوە پێشوازییان لێ دەكرێت.
شیروان زرار گوتی: "بەخۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ یەكشەممە كاتژمێر 10ی بەیانی شاندێكی كۆمیسیۆنی ئێمە كە لە پێنج بەڕێوەبەری گشتی پێكدێن لە بەغدا كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەبێت كە سوپاسەوە ئەوان قبووڵیان كردووە تۆماری دەنگدەرانی عێراق كە پێشتر داوامانكردبوو پێمانبدرێت و جارێكی دیكە لێكتێگەیشتنێكی دیكە و هاوكارییەكانی هەردوولا دەست پێبكاتەوە كە ئەوە جێی دڵخۆشییە، ئەمڕۆ شاندەكەی ئێمە لەوێ دەبن و بە فەرمی پێشوازیی دەكرێن بۆ دوو مەبەست بۆ پێدانی تۆماری دەنگدەرانی عێراق كە بەلامانەوە گرنگە و رێژەیی بایۆمەتری لەسەرە و پاكترە تاڕادەیەك، هەروەها بۆ دروستكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەردوولا، ئێمە بەتایبەت لەبەردەم هەڵبژاردنەكانی عێراقیین كە بڕیارە 12ی ئایار بەڕێوەبچێت و یاداشتێكی 16 خاڵییمان هەیە لە نێوان كۆمیسیۆنی ئێمە و كۆمیسیۆنی عێراق بۆ لێكتێگەیشتن كە بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە نێوان ئێمە و ئەوان واژووكراوە كە ئەوان لەوێ و ئێمەش لێرە هەماهەنگیی یەكتر بكەین كە ئەگەر ئەمە رووبدات ئەوا هەردوولا دەتوانین سوود لە تواناكانی یەكتر وەربگرین و ئیش بۆ یەك ئامانج بكەین كە سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانە".
سەردانەكەی بەڕێوەبەرە گشتییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێم لەكاتێكدایە لە 11ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی2017 بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا رایگەیاند بەهیچ جۆرێك مامەڵە لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان ناكات.
رۆژی 11ی تشرینی یەكەم ساڵی 2017 ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی لە هەرێم دەكرد ئەوانەی كە بە "سەرپەرشتیارانی راپرسییەكەی 25ی ئەیلوول" ناوی بردبوون دەركرد.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، دادوەر عەبدولستار بەیرەقدار لە لێدوانێكدا روونی كردەوە كە دادگەی لێكۆڵینەوەی رەسافە بڕیاری دەستگیركردنەكەی دەركردووە لەسەر سكاڵایەكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم بە پێچەوانەی بڕیاری دادگەی باڵای فیدڕاڵی.
ئەو فەرمانی دەستگیركردنەش بە پێی ماددەی 329ی یاسای سزادانی عێراقی بووە.
شیروان زرار لە كۆتایی قسەكانیدا رایگەیاند كە ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی هەردوو كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم و عێراق بۆ یەكەمین جارە دەكرێت لە داوی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان كە لە 25ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بۆ دیاریكردنی چارەنووسی هەرێم بەڕێوەچوو.