Aladdin Mustafaoğlu
25 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2023
مۆسکۆ - AA
راوێژکاری سیاسەتی دەرەکی لە کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا (کرملین)، یوری ئۆساکۆڤ رایگەیاند، پلانی ئەوە هەیە کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین سەردانی تورکیا بکات، بەڵام تا ئێستا رێککەوتن لەسەر وادە و ماوەی سەردانەکە نەکراوە.
یوری ئۆساکۆڤ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەوانان لەبارەی سەردانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئاماژەی بەوە کرد کە پوتین لەکاتی سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بەڵێنی ئەوەی دا کە سەردانی تورکیا بکات.
راوێژکاری سیاسەتی دەرەکی لە کرملین راشیگەیاند، "دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە لایەنی تورکیا و رووسیا پلانیان بۆ سەردانی پوتین بۆ ئەنقەرە هەیە، بەڵام تا ئێستا لەبارەی وادە و ماوەی سەردانەکە رێکنەکەوتوون".
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەگەری پێشنیازی رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرینا لە رێگەی دەریای رەش لەمیانی دیدارەی هەردوو سەرکردەکەدا، یوری ئۆساکۆڤ رایگەیاند، ئاساییە هەردوو سەرۆک گفتوگۆی ئەم بابەتەبکەن، جا چ لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بێت یان بەشێوەی رووبەڕوو.