Zana Natık Kerem
08 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
رێورەسمی خوداحافیزیکردن لە پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا رێکخرا.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، پاپا فرەنسیس دوای ئەوەی کۆتایی بەسەردانەکەی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان ھێنا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، رێورەسمی خوداحافیزیکردنی بۆ رێکخراو و گەڕایەوە ڤاتیکان.
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح و ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراق و پیاوانی ئایینی مەسیحیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ئامادەی رێورەسمی خوداحافیزیکردن لە پاپا فرەنسیس بوون.
لە میانی رێورەسمەکەدا، بەرھەم ئەحمەد ساڵح کۆبوونەوەیەکی کورتی لەگەڵ پاپا فرەنسیس ئەنجامدا.
دوای رێورەسمەکە، ئەو فڕۆکەیەی پاپا فرەنسیس-ی ھەڵگرتووە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە بەرەو ڤاتیکان بەڕێکەوت.
رۆژی ھەینی رابردوو پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس بەسەردانێکی سێ رۆژە گەیشتبووە عێراق کە لە میانیدا زەنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا و بەشداری کرد لە ژمارەیەک رێورەسمی ئایینی لە شارەکانی ئور، مووسڵ و شارۆچکەی قەرەقۆش و یاریگای فرانسۆ ھەریری لە هەولێر.
لە گرنگترین کۆبوونەوەکانی پاپا فرەنسیس لە عێراق، ئەو کۆبوونەوە مێژووییەی بوو کە رۆژی شەممەی رابردوو، لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی ئەنجامیدا.