Behçet Alkan
28 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2023
نەڤشەهیر - AA
وەزیری دادی تورکیا، بەکر بۆزداغ رایگەیاند: "کاتێک کردەیهک دژ بە تەورات و ئینجیل دهكرێت، کار بە یاسا دەکرێت، بەڵام كه هێرش دەکرێتە سەر موسڵمانان یاسا و دەوڵەت لە ئاستیدا بێدەنگن. ئەمە قبوڵنهكراوه".
بەکر بۆزداغ لە گوتارێکدا کە لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکدا لە پارێزگای نەڤشەهیر پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوە کرد ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر قورئانی پیرۆز مایەی قبوڵ کردن نییە.
بۆزداغ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە بەپێی یاسای سزاکانی سوید، کردەی سادە دەرهەق بە ئایینەکان، سزای دوو ساڵ زیندانیکردن و کردە قورسەکانیش تا چوار ساڵ سزای زیندان دەیانگرێتەوە.
گوتیشی: "داواکاری گشتیی سوید، دەڵێت 'شتێکی پێویستم بەدی نەکرد تاوەکو لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت'، بەوەیش دۆسیەکەی داخست. من وەک وەزیری دادی تورکیا لێرەوە لە وەزیری دادی سوید، حکوومەتەکەی و داواکارانی گشتیی دەپرسم کە بەرپرسن لە جێبەجێکردنی یاساکان. ئایا ئێمە وەک تورکیا یاساکانی ئێوەمان نووسیوە. ئێمە لە پەرلەمانەکەماندا پەسەندمان کردن؟. ئێوە خۆتان نووسیووتانن، ئێوە خۆتان لە پەرلەمانەکەتان پەسەندتان کردوون. کەواته ئەو یاسایەی لە پەرلەمانەکەتاندا پەسەند کراوە سزاکانی روونی روونن، ئەگەر دەڵێت 'ئەگەر سادەبێت تا دوو ساڵ و، ئەگەر قورسیش بێت تا چوار ساڵ زیندانی دەکرێت' چۆن داواکاری گشتیی سوید دەتوانێت بڵێت 'من ئەوە وا نابینم پێویست بە لێکۆڵینەوە بکات، لێرەدا تاوان نەکراوە'. ئەو کردەیە کە هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر کتێبێک کە بەلای ملیۆنان موسڵمانەوە پیرۆزە و باوەڕیان پێیەتی، چاوپۆشیکردن لە بکەرەکەی و رێگەپێدانی و پاراستنی، واتا پێشێلکردنی یاساکانی سوید خۆی. کاتێک کردەیهک دژ بە تەورات و ئینجیل ئهنجامدهدرێت، کار بە یاسا دەکرێت، بەڵام كه هێرش دەکرێتە سەر موسڵمانان یاسا و دەوڵەت لە ئاستیدا بێدەنگن. ئەمە قبوڵنهكراوه".
وەزیری دادی تورکیا باسی لەوە کرد کە لە هیچ شوێنێکی جیهان سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی کەسانی دیکە ناچێتە بازنەی ئازادیی.
راشیگەیاند: "سووکایەتی و نەفرینکردن لە پیرۆزییەکانی ئیسلام دەخەنە بازنەی ئازادییەوە. ئەمە دوژمنایەتی بەرجەستەی ئەوانە بۆ ئیسلام. لە بنەڕەتدا بەمە دەڵێن ئیسلامفۆبیا، ئەوەیش بۆ کەمێک هێورکردنەوەی ئەو رەگەزپەرستی و دوژمنایەتی بیانییەی لە ئەورووپا زیادی کردووە، بەڵام من زۆر بەروونی دەڵێم کە ئەمە ئیسلامفۆبیا و شتی وا نییە، بەڵکو دوژمنایەتی ئیسلام و موسڵمانانە".