Göksel Yıldırım
28 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
هەموو بارەگا و بنکەکانی ناتۆ لە جیهاندا ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی خۆیان لە رێگەی سۆفتوێرێکەوە ئەنجام دەدەن کە لە لەلایەن پیشەسازیی بەرگریی تورکیا پەرەی پێدەدرێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، کۆمپانیای STM کە سیستمی تەکنەلۆژیای بەرز و نوێ لە گۆڕەپانی نیشتمانیی و نێودەوڵەتییدا بەرهەم دەهێنێت، لە بواری سۆفتوێردا یەکێک لە گرنگترین سەرکەوتنەکانی لە هەناردەکردنی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا تۆمار کرد.

کۆمپانیای STM دوو تەندەری گرنگی بۆ ئاراستەکردن کۆکردنەوە، پرۆسێسکردن و دابەشکردنی زانیاریی هەواڵگریی دەزگای پەیوەندی و زانیاریی ناتۆ (NCI Agency) بەدەستهێنا.
لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی نرخ و بڕوانامەی تەکنیکی، ئاژانسی دەزگای پەیوەندی و زانیاریی ناتۆ، لە هەردوو پڕۆژەکەدا کە لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ناتۆدا کراونەتەوە و کۆمپانیا پێشەنگەکانی نەرمەکاڵاکانی جیهان بەشدارییان تێدا کردووە، STMی هەڵبژارد.
دوای دانوستانە تەکنیکی و کارگێڕییەکان گرێبەستێک لە نێوان STM و دەزگای پەیوەندی و زانیاریی ناتۆ واژۆ کرا.

- سێ ساڵ و نیو دەخایەنێت
کۆمپانیای STM بەو سۆفتوێرەی کە بڕیارە لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا پەرەی پێبدات، ئاراستەکردن و کۆکردنەوە و پرۆسێسکردن و دابەشکردنی زانیاری هەواڵگری بۆ فەرماندەیی ناتۆ دابین دەکات. هەموو بارەگا و بنکەکانی ناتۆ لە جیهاندا، ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری خۆیان لە رێگەی ئەم سۆفتوێرەوە ئەنجام دەدەن کە کۆمپانیای STM پەرەی پێدەدات و نوێگەری تێدا دەکات.
پڕۆژەکانی INTEL-FS کە نوێگەریی لە ژێرخانی هەواڵگریی ناتۆدا دەکات، پلان وایە نزیکەی سێ ساڵ و نیو بخایەنێت. ئەم پڕۆژانە یەکێکن لە گەورەترین ئەو گرێبەستانەی کە کۆمپانیایەکی تورکی لەگەڵ دەزگای پەیوەندی و زانیاریی ناتۆ واژۆی کردووە.
پرۆژەکە لەسەر پلاتفۆرمی تایبەتیی ناتۆ پەرەی پێدەدرێت و بەڕێوەدەچێت.

- "سەرکەوتنی گەورەتری بەدواوە دەبێت"
سەرۆکی فەرمانگەی پیشەسازیی بەرگریی سەرۆکایەتی کۆمار، ئیسماعیل دەمیر بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لە چوارچێوەی ئامانجەکانیان بۆ دامەزراندنی پیشەسازیی بەرگریی سەربەخۆ، ئەمڕۆ گەیشتوونەتە ئاستێک بتوانن لە بواری سۆفتوێریشدا لێهاتووییان بە دامەزراوە و رێکخراوە گرنگ و هەستیارەکانی جیهان نیشان بدەن.
ئیسماعیل دەمیر جەختی لەوەش کردەوە کە کۆمپانیای STM یەکێکە لە کۆمپانیاکانی بواری پیشەسازی سەربازیی تورکیا، توانی ببێتە براوەی تەندەری INTEL-FS کە کۆمپانیا پێشەنگەکانی بواری سۆفتوێر لە جیهاندا لە رکابەریدابوون بۆ بەدەستهێنانی، گوتیشی: "هیوادارین پڕۆژەی INTEL-FS کە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی هەناردەکردن کە تورکیا لە بواری سۆفتوێردا لە ناتۆی وەرگرتووە، ببێتە مایەی خێر و خۆشی و پیرۆزبایش لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بە پڕۆژەکەوە ماندوو بوون. ئەم سەرکەوتنەی کۆمپانیاکانمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی مایەی خۆشحاڵی ئێمەیە و پێشموایە کە لەمەودوا دەتوانین سەرکەوتنی مەزن بەدەستبهێنین".
لای خۆشییەوە بەڕێوبەری گشتی STM، ئۆزگور گولەریوز، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەی ئاشکرا کرد کە کۆمپانیاکەیان یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی لەسەر ئاستی تورکیا خاوەنی درێژترین ماوەی کارکردنە لەگەڵ ناتۆ بەتایبەت لە بواری سۆفتوێر و پیشەسازی سەربازییدا.

ئۆزگور گولەریوز ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە پێشتر پڕۆژەی "NATO Integration Core (INT-CORE)"یان پێشکەش کردووە کە بەشێوەیەکی بەرچاو پشتیوانی لە زانینی تەواوی رەوشی ناوچەی جەنگ دەکات، گوتیشی: "لەڕێی سۆفتوێری 'STM ThinkTech'، بۆ بڕیاردانی ناتۆ بەتایبەت لە کاتی قەیرانەکاندا خزمەتگوزاری سۆفتوێر و خزمەتگوزاری راوێژکاری بەرهەم دێنین و ئەمانەشمان لەڕێگهی چەند پاکێجێکەوە هەناردە کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٢دا پێنج بۆ شەش پاکێجمان واژۆ کرد. گەورەترین کاریشمان کە لەگەڵ ناتۆ واژۆمان کرد تایبەت بوو بە ژێرخانی هەواڵگریی ناتۆ. ئەمەش یەکێک بوو لە گەورەترین ئەو کارانەی کە وڵاتەکەمان لە بواری سۆفتوێردا بۆ هاوپەیمانییەکەی ئەنجامدا و لەمەودواش زانیارییە هەواڵگرییەکانی ناتۆ لە رێی سۆفتوێری STM کاریان لەسەر دەکرێت".
گولەریوز باسی لەوەش کرد ئەم سۆفتوێرانە لە رووی تەکنیکییەوە پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیایان تیادا بەکارهاتووە و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو ژێرخانانەی لێرەدا بنیات دەنرێن دەتواندرێت بۆ پێویستیی بوارە جیاوازەکانی تورکیا بەکاربهێندرێن و دەشبێتە بناغەیەک بۆ ئایندەی سیستمە سۆفتوێرەکانی ئایندەی ناتۆ، گوتیشی: "گرنگترین شت بەلای ئێمەوە ئەوەیە کە بووینەتە یەکەم کۆمپانیای پەرەپێدەر و بەکارهێنەری ئەم تەکنەلۆجیایانە".