Muhammet Ali Kemal
14 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2017
مۆسکۆ- AA
بەرپرسانی هەریەک لە تورکیا، رووسیا و ئێران، بەمەبەستی دیارییکردنی چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی لوتکە لە ئاستانا سەبارەت بە سووریا، لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.
بەپێی ئەو روونکردنەوەیەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیاوە بڵاوکراوەتەوە، بەرپرسانی تورکیا، ئێران و رووسیا بەمەبەستی تاوتوێکردنی قۆناغی ئامادەکاریی لووتکەی ئاستانا سەبارەت بە سووریا، لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.
لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە هەریەک لە جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، میخایل بۆگدانۆڤ، سەرۆکی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەوەزارەتی دەرەوەی رووسیا، سێرگی ڤێرشینین و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن جابری ئەنساری و جێگری راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، سەدات ئۆناڵ لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راشیگەیاندووە کۆبوونەوەکە بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی لووتکەی ئاستانا بووە کە بڕیارە رۆژی 23ی ئەم مانگە لە ئاستانای پایتەختی کازاخستان سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری قەیرانی سووریا بەڕێوەبچێت.
لەروونکردنەوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، لایەنەکان هاوڕابوون لەسەر دەستەبەرکردنی ئاگربەستێکی جێگیر لە سووریا، بەردەوامی دان بە بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و خێراکردنی پرۆسەی سیاسیی لەو وڵاتە.