Zana Natık Kerem
07 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر – AA
نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت ئەنجامی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی لە نەجەف راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی سیستانی جەختی کردووەتەوە لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق.
جێنین هێنیس پلاسخارت دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی سیستانی كە ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری نەجەف باشووری عێراق ئەنجامی دا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو و گوتی: "ئەمڕۆ سەردانی نەجەف-مان کرد و لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی باسمان لە گرنگی دانایی و پشتوانییەکەی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان لە عێراق و دەرەوە کرد".
گوتیشی: "دوای چوار ساڵ هەست دەکەم عێراقیم و بوونم لێرە بۆ گرنگی پایەی شیعە لە عێراق و جیهان دەگەڕێتەوە".
ئاماژەی بەوەیش دا کە گرنگییەکەی زۆر دەدات بە کۆبوونەوە لەگەڵ عەلی سیستانی و گوتی: "ئەمڕۆ باس لە سیاسەت ناکەین، پەیامەکەی عەلی سیستانی-یش، تایبەتە بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان لە عێراق و دەرەوە، بۆیە داوا لە سەرکردە سیاسییەکان دەکەم هەنگاو بەو ئاراستەیە بنێنن".
لای خۆیەوە نوێنەری هاوپەیمانی شارستانییەتییەکان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، میگێل ئەنخێل مۆراتینۆس کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "ئەمڕۆ بۆ من رۆژێکی گەورە و گرنگە کە هاتووم بۆ شارێکی گەورەی وەک نەجەف و لەگەڵ عەلی سیستانی کۆبوومەتەوە، ئەوە شەرەفەیەکی گەورەیە بۆمن کە لەگەڵ سەرکردەیەکی ئایینی جیهانیی بە دانایی و سەرکردایەتییەکەی و یەکێکە لەو سەرکردانەی کە ئەنجوومەنی ئاسایش ستایشی دەکات کۆبوومەتەوە، عەلی سیستانی داوای میانڕەوی دەکات".
گوتیشی: "لە ماوەی کارکردنمدا چەندین کەسایەتیم ناسیوە، بەڵام زۆر بە دانایی عەلی سیستانی سەرسام بووم، من ئەمڕۆ هاتووم بۆ ئێرە، تا سڵاوی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس و رێبەری کاسۆلیکەکانی جیھان و سەرۆکی دەوڵەتە شاری ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس بگەیەنم بە عەلی سیستانی".
میگێل ئەنخێل مۆراتینۆس راشیگەیاند کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی شارستانیەتییەکان لە عێراق، پاڵپشتی لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەکات و گوتی: "من نەجەف بەجێدەهڵێم، ئەرکێکی گەورەمان لە بەردەم دایە".
بەیانی ئەمرۆ چوارشەممە، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت و نوێنەری هاوپەیمانی شارستانییەتییەکان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، میگێل ئەنخێل مۆراتینۆس گەیشتنە نەجەف.