نەجەف
رۆژی ٨ی تشرینی دووەم لە شاری نەجەف، سەدان کەس بەشدارییانکرد لەناشتنی تەرمی دوو گەنجی سەر بە رێکخراوی ئەھلی حەق کە حەفتەی رابردوو لە ناوچەی (سەیدە زەینەب) لە شاری دیمەشق کوژرابوون.
یەکێ لە بەشداربوانی رێوڕەسمی ناشتنەکە بۆ AA ئاشکرایکرد، ئەو دوو گەنجە بەناوەکانی ئەمیر فالح، خەڵکی ناوچەی ئەلبەیاعە لە ناوەڕاستی عێراق و ئەوی دیکەیان بە ناوی یاسر جەبار، خەڵکی ناوچەی ئەلغەزالیەی رۆژئاوای شاری بەغدا، لە دیمەشق گیانیان لەدەستداوەو دوێنی تەرمەکانیان ھێنرایەوە عێراق تا لە گۆڕستانی ئەلسەلام ئەسپەردەی خاک بکرێن.
ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی رێکخراوی ئەھلی حەق لەگەڵ کاربەدەستانی ئیداریی و سەربازیی پارێزگای نەجەف بەشداریان لە مەراسیمەکەدا کرد، ھەروەھا بەشداربوان دروشمی پابەند بوون بە سەیدە زەینەب و بەرگریکردنی لە مەزارەکەی دەگوتەوە.
ئەندامانی رێکخراوی ئەھلی حەق بەسەرۆکایەتی شێخ قەیس ئەلخەزعەلی، رێکخراوەکەیان بە "بزوتنەوەی بەرگریی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبەن. پێشتر ئەو رێکخراوە لە رەوتی سەدر جیابوونەتەوە، یەکێکە لەو رێکخراوانەی گەنجانی عێراق رەوانەی سوریا دەکات و بۆ بەرگرییکردن لە مەزاری سەیدە زەینەب.