Ramal Mahmood
19 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2016
هاووڵاتییانی سووریا دەگەڕێنەوە جەرابلوس کە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات وەک یەکەم شاری ژێردەستی داعش رزگاریکرد. تورکیاش دابینکردنی وزەی کارەبا و پێداویستییەکانی ژیانی هاووڵاتییانی جەرابلوسی گرتووەتە ئەستۆی خۆی.
ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە لەلایەن تیمەکانی هێزی تایبەت و هێزە چەکدارەکانی تورکیا و بە پشتیوانیی ئاسمانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر لە باکووری سووریا دەستیپێکردووە، وەک یەکەم شار جەرابلوسی ئازادکرد، ئەوەش تا دێت هاووڵاتییانی شارەکە دڵخۆشتر دەکات.
رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەر لەجێهێشتنی شارەکە زیانیان بە هێڵەکانی گواستنەوەی وزەی کارەبا و سیستمی تۆڕی ئاوی ماڵان گەیاندبوو، کە بەر لەهاتنی جەژنی قوربان بەهاوکاریی تورکیا چاککرانەوە. لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژێرخانی شارەکە هاووڵاتییانی ئەو شارە کە دانیشتووانەکەی نزیکەی ٣٠ هەزار کەسە، بۆ رۆژە خۆشەکانی رابردوو دەگەڕێنەوە.
شەوانە کۆڵانەکانی شارەکە لە رووناکییدا دەبریسکێنەوە، هاووڵاتییان ئازادانە سەری تەلەڤزیۆن دەکەن و مۆبایل بەکاردێنن، بەهۆی بەکارهێنانی ئامێرە کارەباییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان بە ئاسوودەیی دەژین.
- "ئێستا دەزانین دەژین و چێژ لە ژیان وەردەگرین"
هاووڵاتیی مەرزوق تەها ئەبو یاسین لە لێدوانێکدا بەپەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند ئەو پزیشکە و خۆبەخشانە کاردەکات. ئاماژەی بەوەدا سوپای سووریای ئازاد بە پشتیوانیی تورکیا ژیانی بۆ گەڕاندووەتەوە و تورکیا لە هەموو روویەکەوە هاوکاریی و کۆمەکیان دەکات. ئەو باسی گرنگیی دابینکردنی کارەبای کرد و گوتی: "دابینکردنی وزەی کارەبا زۆر زۆر پێویستە، سوپاس بۆ خوا چارەسەر کرا. من پزیشکم لە نەخۆشخانە زۆر پێویستمان بە کارەبایە. بەهۆی دابینکردنی کارەباوە کارەکانمان زۆر ئاسان بوون. هیوادارین داعش جارێکی دیکە روونەکاتەوە شارەکەمان. لەو رۆژەی ئێرە ئازادکراوە زۆر خۆش ژیان بەسەردەبەین. سوپاس بۆ خوا کە ئێستا دەزانین دەژین و چێژ لە ژیان وەردەگرین. سەردەمی حوکمڕانی داعش وەک جەستەیەکی بێ گیان وابووین".
- "زۆر تامەزرۆی ئاوی سارد بووین، ئێستا دەیخۆینەوە"
هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی عەبدولڕەحمان حەمۆ کە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە سێ ساڵ لەمەوبەر ناچاربوو لەگەڵ خێزانەکەی رووبکەنە تورکیا، ئاماژەی بەوەدا دوای ئازادکردنی جەرابلوس گەڕاونەتەوە شارەکەیان و گوتی: "زۆر سوپاسی حکوومەتی تورکیا دەکەین کە وزەی کارەبای بۆ شارەکەمان دابینکردووە. پێشتر ئێرە وەک تاریکستانی لێ هاتبوو، ئێستا بۆتە چراخان. پێستر ئەوە ژیان نەبوو کە بەساڵاچوان و منداڵان لێرە تێیدا دەژیان. زۆر تامەزرۆی ئاوی سارد بووین ئێستا دەیخۆینەوە. زۆر سوپاس بۆ سوپای سووریای ئازاد کە بەپاڵپشتیی تورکیا بەو رۆژە گەیشتین. ژیانمان زۆر خۆشە ئێستا. زۆر سوپاسی گەلی تورکیا و سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەین".