Cemal Sargati
19 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2016
سەرجەم کارمەندان و فەرمانبەرانى بەرێوەبەرایەتى باج و دەرامەتى کۆمپانیاکان و کۆمەڵگەى باجەکان لە شارى سلێمانى بەهۆى پێنەدان و پاشەکەوتکردنى مووچەکانیانەوە مانگرتن لە کارەکانیان راگەیاند و چەند داواکارییەکیان ئاراستەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کرد. ئەو فەرمانبەرانە راشیانگەیاند تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت لە مانگرتن بەردەوام دەبن. هاوڵاتیانیش نیگەرانیى خۆیان لە دەوامنەکردنى فەرمانبەران نیشاندا و ئاماژەیان بەوەکرد بەهۆی مانگرتنەوە کاروبارى هاووڵاتیان پەکیکەوتووە.
فەرمانبەر لە کۆمەڵگەى باجەکان لە سلێمانى، ئارام رەئوف لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا راگەیەنراوی فەرمانبەرانى خوێندەوە رایگەیاند: "ئێمە وەک فەرمانبەران و کارمەندانى کۆمەڵگاى باجەکان و بەرێوەبەرایەتى باج و دەرامەتى کۆمپانیاکان لە شارى سلێمانى ماوەى چەند رۆژێکە مانگرتنمان لە کارەکانمان راگەیاندووە بەردەوامیش دەبین تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێدەکرێن".
گوتیشى: "داواکارییەکانمان خۆى لەچەند خالێکدا دەبینێتەوە، ئەوانیش هەڵوەشانەوەی سیستمى پاشەکەوتى مووچە و یاخود گۆڕانکاریی لە پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى باج بکرێت و پاشەکەوتەکە کەمبکرێتەوە، لە داهاتى خۆمان لە کاتى خۆیدا مووچەکانمان پێبدرێت هاندانى مانگانە بەرێژەى لەسەدا 45% لە مووچەى بنەرەتى بۆ فەرمانبەرانى باج، جێبەجێبکرێت".
لای خۆیشییەوە فەرمانبەر لەبەڕێوەبەرایەتی باج و دەرامەتى سلێمانى، عەلى مەولود بە ئاژانسى ئانادوڵوى گوت: "مانگرتنى ئێمە بۆ بەدیهێنانى داواکارییەکانمانە کە خۆى لە پێدانى موچەکانماندا دەبینێتەوە. داوادەکەین سیستمى نوێی مووچە کە ماوەى ساڵێکە دانراوە و ئەوەش فشارى لەسەر فەرمانبەران دروستکردووە، نەمێنێت یاخود بڕی پاشەکەوتەکە کەمبکرێتەوە بۆ فەرمانبەرانى باج و دەرامەتەکان".
ئەو گوتیشى: "فەرمانبەرانى حکوومەتى هەرێم نیگەرانن لە سیاسەتەکانى حکوومەت لەبەرامبەر پێنەدانى مافەکانیان. ئێمەش بریارمانداوە لە مانگرتن بەردەوامبین تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێدەکرێت ".
ئەو فەرمانبەرە راشیگەیاند: "ئێمە چاوەرێماندەکرد ئەو قەیرانە داراییەى لە هەرێمى کوردستان هەیە چارەسەربکرێت بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا چارەسەرنەکراوە، بۆیە داوا دەکەین داواکارییەکانمان جێبەجێبکرێت بۆ ئەوەى چیتر کاروبارى هاووڵاتیوان پەکینەکەوێت".
هاوکات هاووڵاتیى هاوراز کاکەدین کە لە شارى کەرکووکەوە هاتبووە سلێمانى بەمەبەستی راپەڕاندنی کاروبارەکانی، بە ئاژانسى ئانادۆڵوی گوت: "بەمەبەستی جێبەجێکردنى رێکارى یاسایى ژمارەى ئۆتۆمبێلى گەورە هاتوومەتە ئێرە، بەڵام بەداخەوە فەرمانبەران کارناکەن ئەمەش ئێمەى هاووڵاتیى نیگەران کردووە".
ئەو گوتیشى: "پێش چەژنى قوربان هاتمە ئەم بەرێوەبەرایەتییە بەڵام ئەو کاتەش دەوامى تێدانەدەکرا. ئێستاش هاتوومەتەوە دەوامى تێدا ناکرێت، ئەوەش بۆ ئێمەى هاووڵاتیى زۆر ناخۆشە، بەتایبەت کە لە شوێنى دوورەوە هاتووین و هەموو رۆژێک ناتوانین بێینە ئێرە و بە دەست بەتاڵى بگەڕێینەوە".
ئەو هاووڵاتییە داوای لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان کرد کاربکات بۆ پێدانى مووچەى ئەو فەرمانبەرانە، چونکە ئەگەر ئەوان دەوامنەکەن ئەوا کاروبارەکان بەرێناکرێت و پەکیدەکەوێت.
کۆمەڵگاى باجەکانى سلێمانى لە حەوت فەرمانگە پێکهاتووە و 700 بۆ 800 فەرمانبەرى هەیە، لە ئێستادا فەرمانبەران بەهۆى پێنەدانى مووچەکانیانەوە مانگرتنیان لە کارەکانیان راگەیاندووە.